لە گەڵاڵە یادی شۆڕشی گوڵان دەكرێتەوە
بەبۆنەی یادی ھەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان، پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئاھەنگێكی جەماوەریدا لە ناحیەی گەڵاڵەی دەڤەری باڵەكایەتی، بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی ناوەندی و چین و توێژەكانی ناوچەكە، یادی ئەو شۆڕشە دەكاتەوە.
كرمانج عزەت، بەرپرسی لقی 26ی گوڵانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕایگەیاند:” ئەمڕۆ لە ئاھەنگێكدا یادی شۆڕشی گوڵان دەكرێتەوە، ئاھەنگەكە چەندین چالاكی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت.
سەبارەت بە دیاریكردنی گەڵاڵە بۆ یادكردنەوەی شۆڕشی گوڵان، كرمانج عزەت گوتی: “لەسەر پێشنیازی سەرۆك بارزانی، گەڵاڵە بۆ یادكردنەوەی شۆڕشی گوڵان دیاریكراوە، چونكە گەڵاڵە ماوەیەكی شوێنی سەركردایەتی شۆڕش و كوردایەتی بووە”.
بەرپرسی لقی 26ی گوڵان، راشیگەیاند: “ئامادەكاری تەواو كراوە بۆ بەڕێوەچوونی ئاھەنگەكە و بەشێك زۆر لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی و كۆمیتەی ناوەندیی، ھەروەھا پێشمەرگەكانی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، كادیر و ئەندامانی پارتی لە ناوچە جیاجیاكان و خەڵكی ناوچەكە بەشداری لەو ئاھەنگە دەكەن”.
شۆڕشی گوڵان (26ی گوڵانی 1976) لهلایهن پارتی دیموكراتی كوردستانهوه به سهرپهرشتی سەرۆک بارزانی دژی حكومهتی بهعسی عێراق له باشووری كوردستان ههڵگیرسا و تا راپهڕینی بههاری ساڵی 1991 بهردهوام بوو.
سەرۆک مەسعود بارزانی لە پێشەکی بەرگی چوارەمی کتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد) نووسیویەتی، هەرچەندە دەستپێکردنەوەی شۆڕش دوای نسکۆی ساڵی 1975 کارێکی ئاسان نەبوو، تەنانەت لای زۆر کەس پتر لە خەیاڵ دەچوو، بەڵام بە دەستپێکردن و هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان، ئەو راستییە بە تەواوی سەلمێندرا کە بیروباوەڕ و ئیرادە لە سەرووی هەموو شتێکە و هیچ بەربەستێک توانای رووبەڕووبوونەوەی ئیرادە و بیروباوەڕی نییە.
