49 ساڵ بەسەر شەهید كردنی لەیلا قاسمدا تێدەپەڕێت
49 ساڵ لەمەوبەر، لە 12ـی ئایاری 1974، کچە کوردێکی قارەمان، كه تەنیا لەبەر کوردبوون و ھەڵوێستە نەتەوەییەکانی، لەلایەن رژێمی لەناوچووی بەعسەوە لەسێدارە درا و دواتر بە بووکی کوردستان ناوی دەرکرد، ئەو قارەمانە شەھید لەیلا قاسمە.
لەیلا قاسم حەسەن، ساڵی 1952 لە گوندی بامیلی سەر بە شاری خانەقین لە خێزانێکی ھەژار و کوردپەروەر لەدایك بووە. ساڵی 1958 چووەتە بەر خوێندن و قۆناغی سەرهتایی و ناوەندی لە خانەقین تەواوکردووە.
لەیلا قاسم ساڵی 1971 لە بەشی کۆمەڵناسی کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغدا وەرگیراوە و ھەر ھەمان ساڵیش لە یەکێتیی قوتابیانی کوردستان لە بەغدا دەست بە خەبات دەکات.
لەیلا ھەر لە منداڵییەوە ھەژاریی و نەداریی زۆری چەشتووە، زوڵم و زۆرداریی رژێمی عێراقیش لەسەر گەلی کورد، بیری ئازادیخوازی و تێکۆشان بۆ بەدەستھێنانی مافی نەتەوەکەی، لە دڵیدا دروستکردووە.
لە ئاداری 1974 و داوی دەستپێکردنەوەی ھێرشەکانی حکومەتی عێراق بۆ سەر کوردستان. لەیلا قاسم و چوار لە ھاوڕێکانی، له بهغدا دەستگیردەکرێن.
لەیلا نموونەی کچێکی چەلەنگ و چاونەترس بوو، ئەشکەنجە و ئازاری وەحشییانەی جەلادەکانی بەعس، نەیانتوانی لەیلا لە ھەڵوێستە نەتەوەییەکانی پەشیمان بكهنهوه.
لەیلا قاسم بە جلە کوردییەکانیەوە و بە گوتنەوەی سروودی نەتەوەیی ئەی رەقیب، دەچێتە بەردەم پەتی سێدارە.
لەدوا ساتەکانی ژیانیدا بە جەلادەکانی بەعس دەڵێ: “دوای لەسێدارەدانی من، ھەزاران کورد وشیار دەبنەوە. زۆر خۆشحاڵ و سەربەرزم، کە گیانم فیدای رێی رزگاری کوردستان دەکەم”.
لەیلا دەڵێ: “بەم جلە کوردییانەمەوە دەبمە بووکی کوردستان”.
رۆژی 12ی ئایاری 1974، لەیلا قاسم و چوار لە ھاوڕێکانی بە ناوەکانی: جەواد ھەمەوەندی، نەریمان فوئاد، حەسەن حەمەڕەشید و ئازاد سلێمان، لەسێدارە دران.