بە بڕیاری سوپای عێراق دروێنە و ئاودان و هەر كار و جووڵەیەكی كشتوكاڵی لە سنووری سەرگەڕان قەدەغەكرا
بە بڕیاری سوپای عێراق دروێنە و ئاودان و هەر كار و جووڵەیەكی كشتوكاڵی لە سنووری سەرگەڕان لە جوتیارانی كورد قەدەغە دەکرێت.
محەممەد ئیسماعیل، نوێنەری جوتیارانی سەرگەڕان راگەیاند، سوپای عێراق بە فەرمی سەرجەم جوتیارانی كوردی سنوورەكەی ئاگەداركردووەتەوە لەوەی، هەر كەسێك كاری كشتوكاڵی و ئاودان و دروێنە بكات دەستگیر دەكرێت و سزادەدرێت.
نوێنەری جوتیارانی سەرگەڕان داواشیكرد بەپەلە سەركردایەتی سیاسی كورد بێنەسەرخەت و لە ئەگەری چارەسەرنەكردنیشی، ماندووبوونی ئەمساڵیان دەفەوتێ و مەترسی سوتاندنی بەرووبوەمەكانیش هەیە.
هەر ئەمڕۆش، لە كاتی رشاندنی دەرمان و كاری كشتوكاڵی سوپای عێراق، جوتیارێكی كوردیان لەگوندی پەلكانەی سەربە شارەدێی سەرگەڕان دەستگیركرد.
جوتیارەكە ناوی محەممەد عەلی رەحمانە و تەمەنی 23 ساڵە، سەبارەت بە رووداوەكە برایەكی دەستگیركراوەكە راگەیاند، براكەم لەلایەن ئامر فەجی چواری سوپای عێراق مقەدەم روكن محەممەد دەستگیركراوە و دەستیشیان بەسەر تراكتۆرەكەیدا گرتووە و رادەستی بنكەی پۆلیسی سەرگەڕان كراوە، گوتیشی سوپای عێراق لەبیانوو دەگەڕێن و گێچەڵمان پێدەكەن.
ئاماژەی بەوەشدا، سوپای عێراق تەنانەت دوو گەنجی كورد پێكەوە ببینن بڵاوەیان پێدەكەن و دەڵێن بڕۆنەوە ماڵەوە.
ئەو هاووڵاتییە دەشڵێت: كاتی دروێنەی بەرووبوومەكانمان نزیك بووەتەوە و دوور نییە پلانێكیان هەبێت بۆئەوەی زیانمان پێ بگەیەنن و بیسووتێنن.