رێگەوبانی سلێمانی: یەکشەممەی داهاتوو تونێلی دەربەندیخان دەکرێتەوە
رێگەوبانی سلێمانی رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە 18ی ئەم مانگە بە ئامادەبوونی وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تونێلی دەربەندیخان دەکرێتەوە.
رۆژی سێشەممە 13-12-2022، محەممەد جەمیل، بەڕێوەبەری رێگەوبانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، کارەکانی نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان تەواو بووە، ئەوەی ماوەتەوە تەنیا هێڵەکانی هاتووچۆیە و ئەویش لەم دوو رۆژە تەواو دەبێت.
بەڕێوەبەری رێگەوبانی سلێمانی گوتیشی، رۆژی یەکشەممە 18ی ئەم مانگە تونێلی دەربەندیخان بە ئامادەبوونی دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە و بڕیار هەر لەوێ وەزیری ئاوەدانکردنەوە کارکردن لە پڕۆژەیەکی نوێ رابگەیێنێت.
رۆژی 04-10-2022، دەست بە نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان کرا و بەهۆیەوە تائێستا تونێلەکە داخراوە.
نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان دوای ئەوە هات رۆژی 28-04-2022، لە بەردەم تونێلی دەربەندیخان رووداوێکی وەرگەڕان و گڕگرتنی تانکەرێکی سووتەمەنی روویدا، بەوهۆیەوە پێنج ئۆتۆمبێل بە تەواوی سووتان و دوو کەسیش بریندار بوون، زیانێکی زۆریش بەر تونێلەکە کەوت.
تونێلی دەربەندیخان قەزاکانی کفری، کەلار و دەربەندیخان بە سلێمانییەوە دەبەستێتەوە، لە ساڵی 1954 لەلایەن دوو کۆمپانیای ئیتاڵی و فەرەنسییەوە دروستکراوە و درێژییەکەی نزیکەی 800 مەترە.