بەڕێوەبەری گشتیی بانکێکی حکوومی سزای زیندانی بۆ دەردەچێت
دەستەی نەزاهەی فیدراڵی، ئەمڕۆ چوارشەممە 7/12/2022، دەركردنی بڕیاری سزادانی بەڕێوەبەری گشتیی بانكی هاوكاریی كشتوكاڵی بە زیندانی توند ڕاگەیاند.
بەشی لێكۆڵینەوەی دەستەی دەستپاکیی عێراق ڕایگەیاند: ”دادگای ڕەسافەی تایبەت بە كێشەی نەزاهە، بە غیابی، سزای زیندانیكردنی توندی بۆ ماوەی سێ ساڵ بەسەر بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی بانكی هاوكاریی كشتوكاڵیدا سەپاند.”
لە بەیاننامەكەدا ئەوەش ڕوون كراوەتەوە: ”تۆمەتبارەكە یەکێک لە قەرزدارەکانی بانکەکەی بەخشیوە، بەبێ ئەوەی ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەریی بانكەكە بەدەست بهێنێت.”
دەستەی دەستپاکی ڕوونیشی كردووەتەوە: دوای پێداچوونەوەی ئەو بەڵگانەی كە لە كەیسەكەدا بەدەست گەیشتوون، دادگای ڕەسافە كە تایبەتە بە كێشەی نەزاهە، بە پێویست و قایلكەری زانی تۆمەتبارەكە تاوانبار بكات، بۆیە بەپێی بڕگەكانی ماددەی 331ی یاسای سزادان بڕیاری دا.
دەستەکە لە 20ی 6ی 2022دا فەرمانی دەستگیركردن و لێكۆڵینەوەی دژی بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی بانكی كشتوكاڵی ڕاگەیاندبوو.