د. ڤیان سەبری: چەندین داواکاریمان ئاراستەی سوودانی کردووە
فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کردووە و سەرۆکی فراکسیۆنیش دەڵێت، جگە لەوەی پاڵپشتیی خۆمان بۆ بەرنامەی کابینەکەی سوودانی ڕاگەیاند، ھاوکات چەندین داواکاریی خەڵکی ھەرێمی کوردستانمان پێشکەش بە سەرۆکوەزیران کرد.
د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، ڕاگەیاند: ” داوامان کرد پابەند بن بەو ڕێککەتننانەی لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا کراون لە چوارچێوەی ھاوپەیمانیی ئیدارەی دەولەتدا.”
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتیشی: “بە نووسراوی فەرمیی ژمارەیەک داواکاریی خەڵکی ھەرێمی کوردستانمان پێشکەش بە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، لەوانەش جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق و ھەنگاوەکانی ئاساییکردنەوەی ڕەوشی ئەو ناوچانە، ھەروەھا دابینکردنی مافەکانی پێشمەرگە و کێشەکانی سەر سنووریش چارەسەر بکرێن.”
د. ڤیان سەبری ڕوونی کردەوە: ”داوامان لە سوودانی کرد ژمارەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان زیاد بکرێن لە چوارچێوەی بودجەی گشتیی عێراقدا، ھەروەھا خەرجکردنی پارەی ساڵانی ڕابردووی جووتیارانی ھەرێم خەرج بکرێت و ژمارەیەک قوتابخانە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی عێراق و چین لە ھەرێمی کوردستان دروست بکرێن، جگە لەوەش، داوای مافی کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوامان کردووە.”