بە بەرد كامێرای چاودێریی تیژڕۆژیی لە سلێمانی دەشکێندرێت
تاقە كامێرا جێگرەكەی چاودێریی تیژڕۆیی هاتووچۆی سلێمانی لەسەر شەقامی 60مەتری لە نزیك پردی كۆبانی “بە بەرد” شكێندرا و لێپرسراوی هۆبەی كامێرەكان لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی دەڵێت، “بە دڵنیاییەوە ئەو كەسەی ئەو كارەی كردووە دەدۆزینەوە و رووبەڕووی دادگەی دەكەینەوە.”
فەرهاد گوروون، لێپرسراوی هۆبەی كامێرەكان لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە “بە بەرد” كامێرای چاودێریی تیژڕۆیی سەر شەقامی 60 مەتری لە نزیك پردی كۆبانی شكێندراوە و گوتیشی، “دیارە ئەو كارە پێش دەستپێكردنی دەوامی فەرمی كراوە، سەرەتا وەها بڵاوكرایەوە كە تەقە لە كامێراكە كراوە، بەڵام فیشك نییە و تەنها بە بەردە شكێندراوە.”
لێپرسراوی هۆبەی كامێرەكان لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی جەختی لەوەش كردەوە، ئەو كەسەی ئەو كارەی كردووە دەدۆزنەوە و رووبەڕووی دادگەی دەكەنەوە، ئاماژەی بەوەش کرد، “ئەو كامێرایە تەنها دیوی دەرەوەی شكێندراوە، تاوەكو ئێستاش كار دەكات و وێنە دەگرێت.”
لە شاری سلێمانی بۆ چاودێریی تیژڕۆیی ئۆتۆمبێل تەنها ئەو كامێرایە جێگیرە و پێشتریش چەند جارێك زیانی پێگەیێندراوە. جگە لەو كامێرا جێگیرە، هاتووچۆی سلێمانی 35 كامێرای دیكەی گەڕۆكی چاودێریی تیژڕۆیی ئۆتۆمبێلی هەیە.