کتێبی شیعریی ‘لەگەڵ تیشکا هاتم’ بڵاوكرایه‌وه‌

“لەگەڵ تیشکا هاتم” نوێترین کتێبی شیعری نووسەر و شاعیر ئازا حەسیب قەرەداغییە، کە لەلایەن سەنتەری ڕۆشنبیریی زانکۆی جیهانەوە چاپ و بڵاو کرایەوە.

ئه‌مڕۆ، 16ـی کانوونی یەکەمی 2025، شێوەکار و شاعیر ئازا حەسیب قەرەداغی، دەربارەی بڵاوکردنەوەی کتێبە شیعرییەکەی ڕایگەیاند “لەگەڵ تیشکا هاتم، شازدەمین کتێبی چاپ کراوی منە و پێنجەمین دیوانی شیعرەکانمە، لە دوای هەر یەکە لە ‘ئارا بەستەی ژیان و مەرگ 2017’، ‘گۆرانییەک لە دڵمایە 2018’ ، ‘پڕ پڕە لە تۆ’، ‘چۆڵ نییە دڵم2019’ و’وشە لە توخمی ڕەنگ 2021.”

گوتیشی: ‘لەگەڵ تیشکا هاتم’، دیوانێکی قەبارە مامناوەندییە، لە 320 لاپەڕەدا، دووسەد و یەک دەق و پێشەکییەکی لە خۆ گرتووە. تا ئێستا سێ کۆڕی ناساندنی بۆ کراوە. یەکەمیان لە زانکۆی جیهان کە د. عەبدولخالق یەعقووبی و محەمەد هاشم، هونەرمەندی شێوەکار هەڵیان سەنگاند. دووەم لە بەشی کوردی لە زانکۆی سۆران، کە د. عەبدولخالیق یەعقووبی و د. کافییە سەباح هەڵیان سەنگاند. سێیەمیش لە یەکێتی نووسەرانی کورد، لقی هەولێر، کە د. مستەفا زەنگەنە هەڵی سەنگاند.

ئازا حەسیب قەرەدا‌غی، گوتی: لەگەڵ هیچ شێوازێکی نووسینی شیعر و دەقی ئەدەبیدا دڕدۆنگ و لووتەلا نیم، ئەوی دەیخوێنمەوە، ئەگەر بە کوردییەکی پاراو و بێ هەڵەی زمانەوانی نووسرابێت، ئەگەر بە ئەنقەست ئاڵۆز نەکرابێت، یان بۆ شاردنەوەی نەزانین، بە ناوی وێنەی شیعرییەوە، پڕ نەکرابێت لە گرێ و گۆڵە، ئەوجا لەوانەش واوەتر، چێژ بە دەروونم ببەخشێت، ئافەرینی دەقەکە و نووسەرەکەی دەکەم.

دڵخوازەكانتان