دوای لێکۆڵینەوەکان؛ بڕیاری گۆڕینی فەرماندە سەربازییەکان و پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا دەرچوو

لیژنەی باڵای لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر، بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی پەسەند کرد و وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ پاراستنی سەرچاوەی سەرەکیی وزەی هەرێمی کوردستان، بڕیاریدا وەزارەتی بەرگریی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ پاراستنی کێڵگەکە دابین بکات.

 ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە دەرکەوت هێرشەکە بە دوو درۆن لە سنووری ڕۆژهەڵاتی خورماتووەوە ئەنجامدراوە، کە ئەمەش یازدەهەمین جارە ئەو ناوچەیە بۆ لێدان لە ژێرخانی ئابووریی هەرێم بەکاردەهێنرێت.

لە چوارچێوەی ڕاسپاردە نوێیەکاندا بۆ ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشانە، لیژنەکە نەخشەڕێگایەکی ئەمنی داناوە کە خۆی لە گۆڕانکاریی ڕیشەییدا دەبینێتەوە؛ بەپێی بڕیارەکان دەبێت فەرماندە سەربازییەکانی کەرتی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی سەلاحەدین بە فەرماندەی بەتوانا بگۆڕدرێن و هێزەکان لەو ناوچانە دووبارە بڵاوبکرێنەوە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییانەی بوونەتە دەرچە بۆ هێرشبەران.

 هاوکات بڕیاردراوە کەناڵەکانی پەیوەندیی هەواڵگری لەنێوان دەزگا فیدراڵییەکان و دەزگاکانی هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکرێن و لیژنەیەکی هاوبەش لەگەڵ ئەنجوومەنی دادوەری بۆ بەدواداچوونی دۆسیەکە پێکبهێنرێت، لەگەڵ تووندکردنەوەی ڕێکارەکانی گواستنەوە و بەکارهێنانی درۆن بە هەموو جۆرەکانییەوە.

سەبارەت بە ئەنجامدەری هێرشەکەش کە بووە هۆی پەکخستنی بەرهەمهێنانی غاز و کەمبوونەوەی کارەبای هەرێم ، لیژنەکە گەیشتووەتە سەرەداوی تەواو و بکەرانی بە “کەسانی لە یاسا دەرچوو” ناوبردووە و ناسنامەیان ئاشکرا کراوە، ئێستاش هێزە ئەمنییەکان بەدوای جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردنیاندان بۆ ئەوەی ڕاپێچی دادگایان بکەن.

دڵخوازەكانتان