دەنگە ئاشناکەی پۆلیسی سلێمانی ماڵئاوایی کرد
دوای ساڵانێکی دوورودرێژ لە شەونخوونی و خزمەتکردن بە ئارامیی شاری سلێمانی، وەک سیمبولی پەیوەندیی نێوان ڕۆژنامهنوسان و هێزە ئەمنییەکان، سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئەرکەکەی جێهێشت و بە ڕێزەوە ماڵئاوایی لێ کرا.
لە مەراسیمێکی پڕ لە وەفادا کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە ڕێکخرابوو، ڕێز لە مێژووی پڕ لە سەروەری و ماندووبوونی نەقیب سەرکەوت ئەحمەد نرا. ناوبراو لە ماوەی ڕابردوودا وەک ئەفسەرێک، به دەنگ و ڕەنگێکی ئاشنا، هەمیشە لە ڕووداو و پێشهاتەکاندا بە شێوازێکی پیشەییانە زانیارییەکانی دەگەیاند و بەشێک بوو لە دڵنیایی دانیشتووانی شارەکە.
لە مەراسیمەکەدا، بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی ستایشی ڕۆڵی بەرچاوی نەقیب سەرکەوتی کرد کە چۆن ساڵانێک تەمەنی خۆی بۆ پاراستنی سەروەریی یاسا و خزمەتی خەڵک تەرخان کردووە.
هاوکات له مهراسیمی ڕێزلێنانهكهدا عەمید ئارام ئەحمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، پەیامێکی ئاڕاستەی پەرلەمان و حکومەت كرد ، تاوەکو ڕێز لە ماندووبوونی ئەم توێژە بگیرێت.
عەمید ئارام وتی: “نابێت ئەفسەران و کارمەندانی هێزەکانی ناوخۆ کە ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە، هاوشێوەی فەرمانبەرانی ئاسایی خانەنشین بکرێن.”
بەڕێوەبەری پۆلیس داوای کرد یاسای خانەنشینی هێزەکانی ناوخۆ هەموار بکرێتەوە، بە جۆرێک کە شایستەی ئەو قوربانیدان و بەرپرسیارێتییە گەورەیە بێت کە لەسەر شانیانە، تاوەکو لە کاتی خانەنشینبوونیاندا، بە ژیانێکی شایستە پاداشتی خزمەتەکەیان بدرێتەوە.