حزبوڵڵا: ئێمە بەدوای جەنگدا نین، بەڵام ئەگەر بەسەرماندا بسەپێنرێت ئامادەین

هاوکات لەگەڵ سەردانی پاپای ڤاتیکان بۆ لوبنان کە پەیامی ئاشتی پێیە، و لەگەڵ بەردەوامیی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل بۆ ڕێککەوتنی ئاگربەست، بەرپرسی ناوچەی بیقاع لە حزبوڵڵا، حوسێن ئەلنەمر، جەختی کردەوە کە حزبەکە بەدوای جەنگدا نییە.

ئەلنەمر ئەمڕۆ دووشەممە لە میانی ئاهەنگێکی حزبیدا وتی: حزبوڵڵا بەدوای جەنگدا نییە، بەڵام ئەگەر بەسەریدا بسەپێنرێت ئەوا لە مەیدانەکەیدا ئامادە دەبێت.

جەنگەکە هێشتا کۆتایی نەهاتووە
هەروەها جەختی کردەوە کە جەنگەکە هێشتا کۆتایی نەهاتووە و دڵنیایی دا کە حزبەکە ئاڵای سپی بەرز ناکاتەوە و خۆی بەدەستەوە نادات.

ده‌شڵێت :” فشارەکان لەسەرمان بەردەوامن، جارێک بە پێشێلکردنی خاک و دەریا و ئاسمانی نیشتمان دێنە سەرمان، جارێک بە تیرۆرکردن، جارێکی تر بە شوێنکەوتن یان گوێگرتن، جارێک بە سیاسەت یان پارە، و جارێکیش بە نێردە نێودەوڵەتییەکان کە لەسەر بنەمای هۆشداریدان لەوەی ڕەنگە ڕووبدات، هەڕەشە دەکەن“.

لای خۆیەوە وتەبێژی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، هانی مەرزوق، ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، حزبوڵڵای تۆمەتبار کرد بەوەی ئیسرائیل بۆ ناو جەنگ ڕادەکێشێت. و لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (العربية/الحدث) وتی: “حزبوڵڵا خەریکی بنیاتنانەوەی تونێلەکان و خۆچەکدارکردنەوەیە“.

ئەو لێدوانانە دوای ئەوە هاتن کە ئیسرائیل لە ڕێگەی ئەمریکاوە پەیامێکی هۆشداریدانی ئاڕاستەی دەوڵەتی لوبنان کرد، بەوەی ئەگەر چەک به‌ حزبوڵڵا دانەنرێت، هێرشەکانی بۆ سەر خاکی لوبنان فراوانتر دەکات، ئەوەش بەپێی سەرچاوە ئیسرائیلییەکان.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ بەپێی “دەستەی پەخشی ئیسرائیلی”، تەل ئەبیب بەیروتی ئاگادار کردووەتەوە لە نیازی “فراوانکردنی هێرشەکان ئەگەر لوبنان بە شێوەیەکی کاریگەر دژی حزبوڵڵا نەجووڵێت“.

لایەنی ئیسرائیلی هەڕەشەی کردووە ئەو پێگانە بکاتە ئامانج کە تا ئێستا بەهۆی فشارەکانی ئەمریکاوە لە هێرشکردنە سەریان خۆی بەدوور گرتووە.

لە کاتێکدا حکومەتی لوبنان سوپای ڕاسپاردووە لە باشوور بڵاوەی پێ بکرێت و چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت.

دڵخوازەكانتان