دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ داوای سۆراخی ڕۆژنامەنوس کاروان کەلاری دەکات

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان داوا لە هێزە ئەمنییەکانی گەرمیان دەکات، بەزووترین کات هۆکاری دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووس “کاروان کەلاری” بۆ ڕای گشتی و کەسوکارەکەی ئاشکرا بکەن.

دەستەی مافی مرۆڤ لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، دوای ئەوەی ئاگادار کراونەتەوە کە ڕۆژنامەنووس (کاروان کەلاری) لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە لە دەڤەری گەرمیان براوە، دەستبەجێ لەڕێگەی نووسینگەی گەرمیانی دەستەکەیانەوە بەدواداچوونیان لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان و سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی سنوورەکە کردووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “بەداخەوە تاوەکو ئێستا بە ڕەسمی وەڵامیان نەداوینەتەوە.”

دەستەکە داوا دەکات شەفافییەت هەبێت لە دۆسیەکەدا و ڕایگەیاندووە: “پێویستە هەرچی زووە زانیاری لەسەر هۆکاری دەستگیرکردنەکەی بە کەسوکار و ڕای گشتی بڵێن.”
لە کۆتاییدا دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ جەختی کردووەتەوە کە بەردەوام دەبن لە بەدواداچوون و سۆراخکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسە و لەنزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەن تا یەکلایی دەبێتەوە.

دڵخوازەكانتان