هاتووچۆی سلێمانی ڕاستیی دەنگۆی دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان ئاشکرا دەکات

هاتووچۆی سلێمانی ڕاستیی دەنگۆی دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان ئاشکرا دەکات؛ مەرجەکانی سزادان چین؟

بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی ناوشاری سلێمانی کۆتایی بەو دەنگۆیانە هێنا کە ماوەی چەند ڕۆژێکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە و باس لە دەستپێکردنەوەی هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان (مەلیکە) دەکەن.

عەقید بەهمەن ئەحمەد، بەڕێوەبەری هاتووچۆی ناوشاری سلێمانی، لە لێدوانێکی فەرمیدا ڕەتیکردەوە هیچ نووسراو یان فەرمانێکی نوێیان لە وەزارەتی ناوخۆ یان سەرووی خۆیانەوە پێگەیشتبێت بۆ کۆکردنەوەی ئەو ئۆتۆمبێلانە، جەختیشی کردەوە کە مامەڵەکردن لەگەڵیاندا لەسەر بنەمای بڕیارەکانی پێشوو بەردەوام دەبێت و هیچ هەڵمەتێکی تایبەت لە ئارادا نییە، بەڵام هۆشداریدا کە “پارێزبەندی” لەسەر ئەو ئۆتۆمبێلانە نییە ئەگەر پابەندی یاسا نەبن.

سەبارەت بە میکانیزمی سزادان لەم قۆناغەدا، بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی ڕوونیکردەوە کە تەنها لە یەک حاڵەتدا دەست بەسەر ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتادا دەگیرێت و ڕەوانەی گەراجی دەستبەسەرداگرتن دەکرێت، ئەویش بریتییە لە ئەنجامدانی “سەرپێچیی هاتووچۆ” یان پابەندنەبوون بە ڕێنماییەکان لەلایەن شۆفێرەکەوە.

 ئەم ڕوونکردنەوەیە لە کاتێکدایە کە مەزەندە دەکرێت زیاتر لە ٣٠ هەزار ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا لە هەرێمی کوردستاندا بوونیان هەبێت، کە زۆربەیان بەشێوەی قاچاخ هێنراون ئەمەش وایکردووە هەمیشە وەک سەرچاوەی مەترسی بۆ سەر لایەنی ئەمنی و ئاڵۆزبوونی دۆسیەکانی ڕووداوی هاتووچۆ سەیر بکرێن، بەو پێیەی نەبوونی ژمارە و تۆمار، دەستگەیشتن بە خاوەنەکانیان لە کاتی تاوان یان ڕووداوەکاندا ئەستەم دەکات.

دڵخوازەكانتان