سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد
سەرۆک بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد. لە دیدارەکەدا پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردن لە سەرۆک بارزانی کرا و گفتوگۆ لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کرا.
ڕۆژی سێشەممە 25ـی تشرینی دووەمی 2025، لە پیرمام، سەرۆک بارزانی پێشوازی لە پاتریک دورێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە بەغدا کرد.
لە دیدارەکەدا کە یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر ئامادەی بوو، باڵیۆزی فەرەنسا پیرۆزبایی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکان لە سەرۆک بارزانی کرد. هەروەها ئومێدی خواست لە قۆناغی داهاتوودا گفتوگۆ و دانوستاندنەکان لەنێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە شێوەیەکی کارا بەڕێوە بچن، تاوەکو بتوانرێت حکوومەتێکی کارا بێتە کایەوە کە لە ئاست داخوازییەکانی خەڵکی عێراق بێت.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تەرخان کرا بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی عێراق و ناوچەکە بەگشتی، پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی نێو پڕۆسەی سیاسیی عێراق، سەقامگیریی ناوچەکە، پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم و پەیوەندییەکانی نێوان هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان.
لەلای خۆیەوە سەرۆک بارزانی سوپاس و ستایشی ڕۆڵی مێژوویی فەرەنسای کرد و تیشکی خستە سەر دوا گفتوگۆ و دانوستاندنەکانی دوای ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەنێوان لایەنەکان.
هەروەها سەرۆک بارزانی ڕۆشنایی خستە سەر هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم لە ڕێگەی گفتوگۆ لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان.