پەخشی نایاسایی کەناڵەکانی ‘beIN SPORTS’ لە کەناڵە ناوخۆییەکان ڕادەگرێت

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە ڕاگرتنی پەخشی کەناڵەکانی ‘beIN SPORTS’ کە بەشێوەی نایاسایی و لە ڕێگەی سیستەمی (IPTV)ـەوە پەخش دەکرێن و مۆڵەتی یەک مانگی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە دیاری کرد.

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد کە بەمەبەستی ڕاگرتنی پەخشی هەندێک کەناڵی بێ مۆڵەت و پاراستنی مافی خاوەندارێتی، بڕیارێکی نوێی دەرکردووە.

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆستە و گەیاندن لە ڕێکەوتی (17-11-2025) بە نووسراوی فەرمی کۆمپانیاکانی بواری ئینتەرنێتی ئاگادار کردووەتەوە، کە دەبێت پەخشی کەناڵەکانی (beIN   SPORTS)  ڕابگرن، کە لە ڕێگەی پەخشی ئۆنلاین و هەندێک کەناڵی ناوخۆییەوە بە نایاسایی و بە شێوازی (IPTV) پەخش دەکرێن.

وەزارەتی گواستنەوە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم بڕیارە بۆ ڕێگرتنە لەو سەرپێچییە نایاساییانە و پاراستنی مافی پەخش و بڵاوکردنەوەیە. بۆ ئەو مەبەستەش مۆڵەتی یەک مانگی بۆ کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت دیاری کردووە بۆ ڕاگرتنی ئەو پەخشانە.

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە، هەر کەناڵێک بیەوێت لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە پەخشی دامەزراوەی (beIN SPORTS) بکات، پێویستە لە ڕێگەی بریکاری فەرمیی ئەو دەزگایەوە بێت، ئەمەش لەبەر پاراستنی مافی خاوەندارێتیی فیکری و یاسایی بەپێی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

دڵخوازەكانتان