هەولێر بە یەکێک لە پایتەختە گەشتیارییەکانی ئاسیا هەڵبژێردرا
هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بە یەکێک لە شارە گەشتیارییەکانی ئاسیا بۆ ساڵی 2026 هەڵبژێردرا، کە لە پێنج ساڵی ڕابردوودا حکوومەتی هەرێم بایەخێکی زۆری بەم کەرتە داوە و چەندین پرۆژەی جیاجیای جێبەجێ کردووە.
گۆڤاری ‘کۆندێ ناست تراڤلەری’ گەشتیاری، هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی هەڵبژارد وەکوو یەکێک لەو شارانەی کە لە سەرانسەری ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستە گەشتیار ڕووی تێبکەن لە ساڵی 2026.
لە چەند ساڵی دواییدا ژمارەی گەشتیارانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی لە بەرزبوونەوەدایە، کە هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ بایەخدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەم کەرتە.
لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 80 پرۆژەی گەورە و ستراتیژی گەشتیاری لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان بە گوژمەی حەوت ملیار و 500 ملیۆن دۆلار جێبەجێکراوە.