کۆمیسیۆن وادەی ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی ئاشکرا کرد
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان: ئەمڕۆ یان سبەی، ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ڕادەگەیەنن.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕاگەیاند، سەرجەم وێستگەکانی دەنگدان کە مابوونەوە، هەژمارکراون و ئەنجامەکانیان بە ڕێژەی 100% هاوتای ئەنجامی هەژمارکردن .
ئەمڕۆ یەکشەممە، کۆمیسیۆن دەست دەکات بە هەژمارکردنی کورسییەکانی هەموو لایەنە سیاسییەکان، لەنێویاندا کورسییەکانی کۆتای ژنان و پێکهاتەکان.
دواتر کۆمیسیۆن بۆ ماوەی سێ ڕۆژ دەرگای تانەلێدان دەکاتەوە، کە لە ڕۆژی دوای بڵاوکردنەوەی لە ماڵپەڕی فەرمی کۆمیسیۆنەوە دەست پێدەکات.
نووسینگەکانی پارێزگاکانی هەڵبژاردن دەستیان کردووە بە پێدانی شریتی ئەنجامەکان بە هاوپەیمانێتییەکان، پارتە سیاسییەکان و کاندیدەکان.
102 سکاڵا تۆمار کراون
کۆی گشتی 102 سکاڵا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تۆمار کراون کە 59ـیان سکاڵای دەنگدانی گشتی و 43ـیان، سکاڵای دەنگدانی تایبەت بوون.
بەشی سکاڵا و تانەکان لە کۆمیسیۆن دەستیان بە پۆلێنکردنی سکاڵاکان کردووە و زۆربەیان “زەرد”ـن، لەکاتێکدا کەمینەیەکیان “سەوز”ـن.
کۆمیسیۆن شێوازی پۆلێنکردنی سکاڵاکانی بەم شێوەیە ڕوون کردەوە:
سکاڵا زەردەکان: ئەو سکاڵایانەن کە مەرجە سەرەکییەکان یان بابەتییەکانیان تێدا نییە، ئەمەش وادەکات لە سەرەتاوە ڕەتبکرێنەوە.
سکاڵا سەوزەکان: ئەو سکاڵایانەن کە ئاماژە بە بوونی سەرپێچی دەکەن لەلایەن فەرمانبەرانی کۆمیسیۆنەوە، یان بانگەشەی هەڵبژاردن لە ڕۆژی دەنگداندا، یان سەرپێچیکردنی ڕێنماییەکان لەلایەن یەکێک لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانی پاراستنی بنکەکان. جەختیشی کردەوە کە ئەم جۆرە سکاڵایانە کاریگەرییان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان نییە، بەڵام پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی ورد هەیە.
بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان
ڕۆژی سێشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی گشتی و ڕۆژی یەکشەممەش، 09ـی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی تایبەتی خولی شەشەمی پەرلەمان، لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، ڕێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت، 82.42% و لە دەنگدانی گشتیش، نزیکەی 54.35% بوو.
ڕۆژی چوارشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2025، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئەنجامە بەراییەکانی هەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتی بڵاوکردەوە. لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، وەک حزب، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە، بەوپێیەی زیاتر لە یەک ملیۆن و 90 هەزار دەنگی بردووەتەوە.