سودان: خوێناویترین ململانێ لە ئەفریقا و ڕۆڵی بەکرێگیراوانی کۆڵۆمبی
شیكاری : بێستون محهمهد قهرهداغی
سودان، یەکێک لە گەورەترین وڵاتانی ئەفریقا، ماوەیەکی درێژە بە دەست ململانێ و ناسەقامگیری سیاسی و سەربازییەوە دەناڵێنێت. لە ئێستادا، ئەم وڵاتە گۆڕەپانی شەڕێکی خوێناوییە لە نێوان سوپای سودان و “هێزەکانی پشتیوانی خێرا” كه دەستوەردانی دەرەکیشی تێکەڵ بووە. ماڵپەڕی هەواڵی “عەرەبییە پۆست” لە ڕاپۆرتێکیدا بە وردی باس لە ڕۆڵی بەکرێگیراوانی کۆڵۆمبی لەم شەڕەدا دەکات، کە ئەمەش كهشێكی نوێ و ئاڵۆزتری بە ململانێکە بەخشیوە.
کورسی ململانێکانی سودان: سەرەتا و هۆکارەکان
سودان لە ساڵی 1956 لە بەریتانیا سەربەخۆیی وەرگرت. وەک چەندین وڵاتی تر لە ناوچەکە، وڵاتەکە لەسەر بناغەیەکی هەڵە دامەزرا، کە چەندین گرووپی مرۆیی جیاواز و ناکۆک لەگەڵ یەکتر لە چوارچێوەی دەوڵەتێکدا کۆکرانەوە. جیاوازییەکانی سودان فرەڕەهەندە؛ 114 زمانی جیاواز و زیاتر لە 500 شێوەزاری تێدایە، هەروەها دانیشتووانەکەی لەسەر بنەمای ڕەچەڵەک (عەرەب و ئەفریقی) و نەتەوە و هۆز و ناوچە دابەش بوون. ئەم فرەجۆرییە کۆمەڵایەتییە، لەگەڵ نەبوونی سیستەمێکی دیموکراسی و خۆشگوزەرانییەکی ئابووری کە بتوانێت ئەم ناکۆکیانە کۆبکاتەوە، بووەتە هۆی ئەوەی سودان بەردەوام لە نێوان سێ بژاردەدا بێت: دابەشبوون، شەڕی ناوخۆ، یان حوکمێکی دیکتاتۆری.
مێژووی هاوچەرخی سودان پڕە لە کودەتا و ململانێ. لە ساڵی 2019، خەڵک بە پشتیوانی سوپا، عومەر بەشیری دیکتاتۆریان لە دەسەڵات لابرد. دوای ئەوە ئەنجومەنێکی کاتی دامەزرا کە سوپا و سیاسییەکانی مەدەنی بە یەکسانی تێیدا نوێنەرایەتیان دەکرا. سەرۆکی سوپا، عەبدولفەتاح ئەلبورهان، بووە سەرۆکی ئەنجومەنەکە، و جێگرەکەشی محەمەد حەمدان دوقڵو ناسراو بە “حەمیدەتی” سەرۆکی هێزەکانی پشتیوانی خێرا (RSF) بوو. بوونی دوو هێزی چەکدار، سوپای سودان و هێزەکەی حەمیدەتی، بنەمایەکی ناسەقامگیری دروست کرد.
پەیدابوونی حەمیدەتی و “هێزەکانی پشتیوانی خێرا”
حەمیدەتی، کەسایەتییەکی عەرەبییە و خەڵکی ناوچەی دارفورە، لە ساڵانی نەوەدەکاندا بازرگانی حوشتر و مەڕوماڵاتی دەکرد لە نێوان سودان، لیبیا و چاد. دواتر هێزێکی چەکداری لە هۆزەکەی خۆی دروست کرد بۆ پاراستنی کاروانە بازرگانییەکانیان و وەرگرتنی باج. هەروەها خاوەنی چەندین کێڵگەی زێڕ و سامانی سروشتی بوو. لە ساڵی 2003، میلیشیاکەی حەمیدەتی، ناسراو بە “جەنجەوید”، لە شەڕی دارفوردا پاڵپشتی عومەر بەشیر و سوپای سودانیان دەکرد لە وێرانکاری و کۆمەڵکوژی دانیشتووانی دارفور.
لە ساڵی 2013، ئەم هێزە بە فەرمی کرا بە “هێزەکانی پشتیوانی خێرا” (RSF) و عومەر بەشیر پلەی فەریقی یەکەمی بە حەمیدەتی بەخشی. بەڵام لە 2019، RSF دژی عومەر بەشیر هەڵگەڕایەوە.
ململانێی البرهان و حەمیدەتی و دەستتێوەردانی دەرەکی
لە ساڵی 2019ەوە، البرهان و حەمیدەتی هاوپەیمانی یەکتر بوون، لە ترسی ئەوەی هێزە مەدەنییەکان دەسەڵات بگرنە دەست. بەڵام لە ساڵی 2021، هەردوو سەرکردە سەربازییەکە کودەتایەکی تریان ئەنجامدا و ئەنجومەنە کاتییەکەیان هەڵوەشاندەوە و هێزە مەدەنییەکانیان لە گەمەکە دوور خستەوە. پاش ئەم کودەتایە، ململانێ لە نێوان البرهان و حەمیدەتیدا دروست بوو. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان پرسی یەکگرتنەوەی هێزە چەکدارەکان بوو. حەمیدەتی ترسی ئەوەی هەبوو کە ئەگەر هێزەکانی لەگەڵ سوپای سودان یەکبخاتەوە، ئەوا دەسەڵاتەکەی کەم دەبێتەوە و ڕەنگە ڕادەستی دادگا بکرێت بەهۆی تاوانەکانی لە دارفور. البرهانیش نەیویست حەمیدەتی ببێتە سەرکردەی هەموو سوپای سودان. ئەم ناکۆکیانە بووە هۆی ئەوەی سوپا و RSF پەلاماری یەکتر بدەن و خەرتومی پایتەخت بکەنە گۆڕەپانی شەڕ.
ڕۆڵی بەکرێگیراوانی کۆڵۆمبی لە شەڕی سوداندا
ڕاپۆرتی “عەرەبییە پۆست” ئاماژە بەوە دەکات کە لە دڵی ئەم ململانێ خوێناوییەدا، بەکرێگیراوانی کۆڵۆمبی وەک بەشێکی سەرەکی لە شەڕی بەردەوامی سوداندا بەشدارن. ئەم بەکرێگیراوانە، کە بە پارە دەجەنگن، هەزاران کیلۆمەتر لە ئەمریکای لاتینەوە دەبڕن بۆ پشتیوانیکردن لە “هێزەکانی پشتیوانی خێرا”. لە شەڕی “فاشر”دا، بەڵگەی پێویست دۆزرایەوە لەسەر بەشداریکردنی بەکرێگیراوانی کۆڵۆمبی، کە پێکهاتبوون لە ڤیدیۆ، وێنە، زانیاری فەرمی و بەڵگەنامەی کەسیی کۆڵۆمبییەکان.
گرێبەستی ئەمنیی ساختە و تۆڕی بەکرێگرتن
بەکرێگیراوانی کۆڵۆمبی لە ڕێگەی پرۆسەیەکی دوو قۆڵیەوە بەکرێ دەگیرێن؛ لایەنێک لە کۆڵۆمبیا و لایەنێکی تر لە ئیمارات. لە کۆڵۆمبیا، کۆمپانیای “ئاژانسی خزمەتگوزارییە نێودەوڵەتییەکان” (A4SI) پرۆسەی ڕاکێشانی بەکرێگیراوان دەگرێتە ئەستۆ، بە تایبەتیش سەرنج دەخاتە سەر ئەو شەڕڤانانەی کە ئەزموونی سەربازییان بەرزە.
هەندێک لەم بەکرێگیراوانە بە ویستی خۆیان دەچنە شەڕ، بەڵام هەندێکی تر دوای واژۆکردنی گرێبەستی دامەزراندن فێڵیان لێدەکرێت. لە بەڵگەنامەیەکی فەرمیدا کە سودان لە ئەیلوولی 2025دا پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایشی کردووە، باس لەوە کراوە کە پرۆسەی گرێبەستکردنەکە بە شێوەیەکی “فێڵبازانە” بووە. بەو شێوەیە وایان لێکراوە کە کاری “ئاسایش و پاراستن” لە ئیمارات دەکەن، پێش ئەوەی ڕاستەوخۆ بگوازرێنەوە بۆ سودان بۆ شەڕ لە پاڵ هێزەکانی پشتیوانی خێرا.
کۆمپانیای (A4SI) لە ساڵی 2017 لە لایەن ئەفسەری پێشووی سوپای کۆڵۆمبی، عومەر ئەنتۆنیۆ ڕۆدریگز بیدۆیا، دامەزراوە و دواتر فرۆشراوە بە عەقیدی خانەنشینکراوی سوپای کۆڵۆمبی، ئەلڤارۆ کیجانو. لە دەقی بەڵگەنامەی سودانی بۆ ئەنجومەنی ئاسایش، ناوی ئەلڤارۆ کیجانو هاتووە و تۆمەتبارە بەوەی کە ئەو کەسەیە کە پرۆسەی بەکرێگرتنی بەکرێگیراوان لە کۆڵۆمبیا لە ڕێگەی کۆمپانیای (A4SI)ەوە دەگرێتە ئەستۆ، وەک ئامادەکارییەک بۆ گواستنەوەیان بۆ سودان. ئەمەش نیشانەی بوونی تۆڕێکی ئاڵۆزی بەکرێگرتنە کە چەندین وڵات و کۆمپانیا تێیدا تێوەگلاون.
دەرئەنجامەکانی شەڕ و دەستوەردانی نێودەوڵەتی
دەرئەنجامی شەڕی سودان هێشتا ڕوون نییە و ترس هەیە بەرەو شەڕێکی ناوخۆیی درێژخایەن بڕوات. هەردوو سەرکردە سەربازییەکە، البرهان و حەمیدەتی، لە بەرەکانی ئیمارات، سعودیە و میسرەوە نزیکن. ئەم وڵاتانە سوپای هەردوو هێزەکەیان لە شەڕی یەمەن بەکارهێناوە و دەوترێت لە شەڕی لیبیاش بەشدار بوونە. لە ئێستادا ئەم سێ وڵاتە داوای ئارامکردنەوەی دۆخەکە و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ دەکەن
ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش داوای ڕاگرتنی شەڕەکە دەکەن. ئەگەر شەڕەکە بەردەوام بێت، ئەوا ڕێگە خۆش دەکات بۆ دەستتێوەردانی زیاتری دەوڵەتانی تر و کردنی سودان بە گۆڕەپانی شەڕێکی بە وەکالەت، هاوشێوەی لیبیا، یەمەن و سوریا.