فیلمی کوردی “دەریای هیوا” به‌شداری لە فیستڤاڵی پارادایس دەکات

جبرائیل ئەبوبەکر، فیلمسازی کورد، لەڕایگەیاند، کورتە فیلمی “دەریای هیوا” لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی “پارادایس” لە ئەڵمانیا پاڵێوراوە بۆ بردنەوەی خەڵات.

بە گوتەی جبرائیل ئەبوبەکر، فێستیڤاڵەکە لە 3ـی مانگی داهاتوو لە شاری کۆڵن بەڕێوەدەچێت و کێبڕکێیەکە زۆر بەهێزە، چونکە فیلمەکەی لەنێو 4800 فیلمی پێشکەشکراودا هەڵبژێردراوە و لەگەڵ 59 فیلمی دیکەدا کێبڕکێ دەکات.

جەختیشی کردەوە، فیلمەکەی تاکە نوێنەری عێراق و کوردستانە لەنێوان 52 وڵاتی بەشداربوودا.

کورتە فیلمی “دەریای هیوا” چیڕۆکی ئەو ژیانە مرۆییە وێرانکەرانە دەگێڕێتەوە کە جەنگ بەسەر خەڵکی مەدەنییدا دەیهێنێت. فیلمەکە تیشک دەخاتە سەر شوێنەوارە قووڵە دەروونی و جەستەییەکانی ئاوارەبوون و بەدوای گەشتی ئەو کەسانەدا دەچێت کە ناچارن ماڵەکانیان بەجێبهێڵن و لەپێناو ژیانێکی شایستە و سەلامەتدا، ڕێگا ترسناکەکان دەگرنەبەر کە لە هەر هەنگاوێکدا مەترسیی مردن و خنکان چاوەڕێیان دەکات.

دڵخوازەكانتان