“لەم هەڵبژاردنە دەستکاریکردن و گۆڕینی ئەنجام زۆر ئەستەمە”
کاتژمێر 7:00 بەرەبەیانی ئهمڕۆ دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد
لە دەنگدانی تایبەت زیاتر لە یەک ملیۆن و 313 هەزار کەس ئەندامانی هێزی ئەمنیی و فەرمانبەرانی وەزارەتی ناوخۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستان مافی بەشداریکردنیان هەیە، ئەوە جگە لە بەشداریکردنی زیاتر لە 26 هەزار ئاوارە، کە زۆرینەیان لە سنووری پارێزگای دهۆکن.
لە سەرانسەری عێراق 809 بنکە دیاریکراوە بۆ دەنگدانی تایبەت کۆمیسیۆن ڕایگهیاندووه كه ، سندووقەکان بەشێوەی ئەلیکترۆنی دادەخرێن و ناکرێت ماوهی دهنگدان درێژ بکرێتەوە.
دوو سبەیش واتە 11ـی تشرینی دووەمی 2025 دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕێژەی بەشداریی هێزە ئەمنییەکان و ئاوارەکان لە دەنگدانی تایبەتی پەرلەمانی عێراق، تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، بڵاوکردەوە.
بە گوێرەی ئەو ئامارانەی کۆمیسیۆن بڵاویکردوونەتەوە، تێکڕای ڕێژەی بەشداریی لە دەنگدانی تایبەت تا نیوەڕۆ، لە هەموو پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 60.74%. له پارێزگای سلێمانیش 78% بووه
شێروان زرار، شارەزای هەڵبژاردن و راپرسی رایگەیاند: “رێکاری نوێی کۆمیسیۆن بۆ ناسینەوەی رووخسار، چارەسەری کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر دەکات و هەنگاوێکی زۆر باشە کە جێبەجێ دەکرێت.”
گوتیشی :” تاوەکو ئێستا نزیکەی 85٪ـی خەڵکی عێراق لە سیستمی بایۆمەتری تۆمارکراون، واتە لەگەڵ وەرگرتنی پەنجەمۆر وێنەشیان گیراوە، بۆیە ئامێری ناسینەوەی رووخسار بۆ دەنگدان، ئاسانکارییەکی زۆر دەکات بۆ چارەسەری کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر، بەڵام لە دەنگدانی گشتی بەهۆی ئەوەی ژمارەی دەنگدەران زۆر زیاترە، گوشار زیاتر دەبێت، بۆیە کۆمیسیۆن دەبێت رێکاری باشتر و جیدیتر بۆ چارەسەری کێشەکان بگرێتەبەر.”
بڕیارە 11ـی 11 ههڵبژاردنی خوڵی شهشهمی پهرلهمانی عێراق بەڕێوەبچێت ‘بەگوێرەی راپرسییەکان، چاوەڕوان دەکرێت رێژەی بەشداری لە دەنگدانی گشتی زیاتر لە 50٪ بێت،
هاوكات جومانا غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، ڕاگەیاند؛ “پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بە شێوەیەکی زۆرباش بەڕێوەدەچێت”، دووپاتیشی کردەوە کە “هیچ کێشەیەکی تەکنیکیان لە ئامێرەکانی پشتڕاستکردنەوەدا تۆمار نەکردووە”.