ڕەخنە لە کۆمەڵگەی کوردیدا

سالم جاسم

ڕەخنە پڕۆسەیەکی زیرەکانە و سیستەماتیکییە بۆ هەڵسەنگاندن، شیکردنەوە و دەربڕینی ڕای لێهاتووانە سەبارەت بە کار، بیرۆکە، دیاردە یان ڕووداوێک بەکاردێت. ڕەخنە وێڕای ئەوەی مانای هۆشیاری و زیندوویی تاک و کۆمەڵگە دەگەیەنێت، هاوکات ئاماژەشە بۆ ئازادیی ڕادەربڕین. جیهانی نوێگەری و تێکەڵبوونی بیر و هزری جیا و ئاشناکردنی بۆچوونە جیاوازەکان بە یەکتری ئەگەر دەروازەیەکیان هەبێت، بێ گومان ئەوە ڕەخنەیە. بەبێ ڕەخنە پێشکەوتن مومکین دەبوو و دەشبێت لە داهاتوودا.

ئەگەر سەرنجی جیهانی ڕەخنە بدەین بۆمان دەردەکەوێت کەوا هەر وڵات، گەل و ناوچەیەک کەلتووری ڕەخنەی تایبەت بەخۆی هەیە. بۆ نموونە؛ ئەمریکییەکان ڕاهێنراون لەسەر ئەوەی پەیامی ئەرێنی لە دەوری پەیامی نەرێنیدا بئاڵێنن، بۆ ئەمەش شێوازی “sandwich feedback” بەکاردەهێنن: سەرەتا شتێکی باش دەڵێن، پاشان ڕەخنەکە دەخەنەڕوو، لە کۆتاییدا شتێکی ئەرێنی لەسەر بابەتەکە دەڵێن. بەڵام هەرچی فەرەنسایە ئەوان پێیان وایە؛ ڕەخنە دەبێت ڕاستەوخۆ و ڕوون بێت، بە وردەکارییەوە ڕەخنەیەکی توند بگیرێت. کەچی وڵاتێکی وەک ژاپۆن پێی وایە دەبێت ڕەخنە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و بە زمانێکی دیپلۆماسی بگیرێت.

وێڕای جیاوازیی کەلتوورە ڕەخنەیییەکانیان، بەڵام سەرەنجام هەمووان ڕەخنە وەک ئامرازێک دەبینن بۆ باشترکردن و پێشکەوتنی زیاتری ئاستی تاک و کۆمەڵگە. جۆرج ئۆرویل، نووسەری بەریتانی دەڵێت: “ڕەخنەی ڕاستەقینە دەبێت لە خزمەتی ڕاستییەکەدا بێت، نەک لە خزمەتی هیچ ئایدیۆلۆژیایەکی تایبەتدا”. کەواتە کاتێک ڕەخنەگر بیر لە ڕەخنەگرتن دەکاتەوە دەبێت ئامانجی ڕاستکردنەوە و باشترکردنی پرۆسەکەبێت نەک شکاندنی کەسەکە و لەنێوبردنی بیرۆکەکە. دەبێت ئەوەشمان لەبیر نەچێت کە زۆرجار ڕەخنەی ڕاستەقینە دەتوانێت ئاراستەی پرس، بابەت و ڕووداوەکانی کۆمەڵگە و وڵات بگۆڕێت.

بۆ ئێمە لە کۆمەڵگەی کوردیدا، وێڕای ئەوەی خاوەن کەلتوورێکی ڕەخنەگرتنی تایبەت بەخۆمان نین، هاوکات دەتوانم بڵێم ڕەخنەمان بە ئاراستەیەکدا بردووە کە قەبوڵکراو نەبێت و بگرە ڕوخسارێکی دیکەمان پێی داوە کە ڕێک پێچەوانەی خودی خۆیەتی. ئێستا لەنێو ئێمەدا ڕەخنە وەک ئامرازێکی شکاندنی تاک و پووکاندنەوەی ئایدیایەکان بەکاردێت. لە بنەڕەتدا ئێمە لە ڕەخنە تێنەگەیشتووین. کاتێک دەبینین هەزاران ڕەخنە ئاراستەی کەس، بیرۆکە و بابەتێک دەکرێن، لەو هەزاران ڕەخنەگرە دانەیەک نادۆزیتەوە هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی کردبێت و بیرۆکەی باشتری هەبێت ئینجا ڕەخنەی گرتبێت.

زۆرجار ئێمە گلەیی ئەوەمان کردووە کە ئاخۆ بۆچی دەسەڵات یاخود کەسایەتی و خەڵک گوێ بە ڕەخنە نادەن، بەڵام جارێک لەخۆمان نەپرسیوە ئایا ئەو ڕەخنانەی ئاراستەیان دەکرێت تا چەند لە قاڵبی ڕەخنەییدان و دوورن لە بێڕێزی و شکاندن؟ لە کەلتووری هیچ وڵاتێکدا جنێو و سوکایەتی وەک ڕەخنە هەژمارناکرێت، بەڵام ئێمە لێرە هەر شتێکمان بە دڵ نەبێت، لەژێر سێبەری ڕەخنە جنێو بارانی دەکەین و هەرچی سوکایەتییە پێی دەکەین، بێ خەبەرین لەوەی کە ئیمانوێل کانت، فەیلەسوفی ئەڵمانی دەڵێت: “ڕەخنە بریتییە لە هەڵسەنگاندنی توانا و سنووری عەقڵی مرۆڤ”.

سەرەنجام ئەوەی مەبەستمە بیڵێم؛ گرنگە کۆمەڵگەی کوردی وەک هەر کۆمەڵگەیەکی دیکەی جیهانی خاوەن کەلتوورێکی ڕەخنەیی تایبەت بەخۆی بێت. خۆی لەو شێوازەی ئێستا دابماڵێت و فۆڕمی تەواویی ڕەخنە بۆی بگەڕێنێتەوە و چیتر نەکرێتە ئامرازێکی شکاندنی بەرامبەر. هاوکات بکرێتە فاکتەرێک بۆ بەرەوپێشبردنی پرس و بابەتەکانی پەیوەست بە تاک و کۆمەڵگەی کوردی.

دڵخوازەكانتان