میدیای کوردی: ئیتیک و سانسۆر
هۆشەنگ سلێمان
ئیتیک و سانسۆر دوو دەستەواژەی جیاوازن، بەرجەستەکردنیشیان لە نێو میدیادا جیاوازیی هەیە، زۆر بە سادەیی؛ “سانسۆر” سەپاندن یاخود ڕێگریکردنە لە جۆرە ناوەڕۆکێک کە لەلایەن حکومەت یان دامەزراوەیەکەوە ئەنجام دەدرێت بە پێی ویست و ئامانجی ئەنجامدەر. “ئیتیک” لە میدیادا واتا ئەخلاقی کارکردن، بابەتێکی ویژدانی و ناوەکییە لە ڕۆژنامەنووس و میدیاکاراندا، شتێک نییە وەکو سانسۆر یان یاسا بسەپێندرێت بەسەر کەسی پیشەگەر. هەموو جارێک مەرج نییە سانسۆر بۆ مەبەستی بەرژەوەندی گشتی بێت، بەڵام ئیتیک بەرجەستەکردنی پڕەنسیپەکانی کاری میدیایین(ئینتیما بۆ نیشتیمان و بەرژەوەندی کۆمەڵایەتی، بێلایەنی، ڕاستگۆی و سەربەخۆی).
وەکو لە تەواوی جیهاندا، دەزانین میدیا ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە ئاستی پێشکەوتوویی و دواکەوتووییی هەر کۆمەڵگەیەک، هەروەها دەتوانین لە ڕێگەی میدیاکانەوە تێبگەین لە بیر و ئایدۆلۆژیای تاکەکانی کۆمەڵگە و تەنانەت سیاسەتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و ناوەڕۆکە سیاسییەکان.
لە هەرێمی کوردستان میدیاکان پێویستە خۆیان بەگەڕ بخەن و لەو قاڵبە دووبارەیە بچەنە دەرەوە، وە ڕەچاوی پڕەنسیپە میدیایییەکان و ئیتیکی کاری میدیایی بکەن، بەڵام لە ئەنجامی ئەم بەگەڕنەخستنە لەلایەن خودی میدیا و میدیاکارەکانەوە، دەتواندرێت سانسۆر وەکو پێشنیازێکی دروست دابنرێت، گەرچی بوونی سانسۆر لە هەندێک کاتدا، ڕێگریکردن و زەوتکردنی ئازادیی ڕادەربڕینی لێ دەکەوێتە، بەڵام ئەمە دەکەوێتەوە سەر ئەو ئامانجەی سانسۆری بۆ دەکرێت و سانسۆر لەسەر چ بابەتێک دەکرێت.
میدیای کوردی لە قۆناغی ئێستادا، بەهۆی بوونی ژمارەیەکی زۆر لە دامەزراوەی میدیای فەرمی و نافەرمی، کۆمەڵێک پەیج و دیجیتاڵ میدیای شاراوە، کارکردن لەسەر بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی سەرقاڵکەر و بێ سوود، هاوکات پەیڕەونەکردنی ئیتیک و بنەماکانی کاری میدیایی، گەلێک ناوەڕۆکی تر، پێمان دەڵێن؛ ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران بە ڕێژەی کەم پابەندن بەو ئەرکە پیرۆزەی لەسەر شانیانە. هەر بۆیەش سانسۆر و جێبەجێکردنی لە بەشێک لەو بابەتانەی کە لەلایەن میدیاکانەوە بڵاودەکرێتەوە کارێکی دروستە، پاراستنی کۆمەڵگە و لایەنە ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگەیە.
سەرئەنجام؛ ئەرکی ڕۆژنامەنووس و میدیاکارانە پابەندبن بە ئیتیک و پڕەنسیپە سەرکییە میدیایییەکان، کار لەسەر خزمەتکردن بە نیشتمان و کۆمەڵگەی خۆیان بکەن، بەشداربن لە بەرەوپێشبردن و پێشکەوتنەکاندا، هاوکات میدیاکان دووربن لە هەر ململانێیەکی سیاسی و لە خزمەت بەژەوەندی گشتیدا کاربکەن، پارێزگاری لە بەها گرنگە نیشتمانییەکان بکەن، گەرچی نەتەوەی کورد خاوەن میدیایەکی نیشتمانی نییە، بەڵام جۆرەکانی دیکەی میدیا، دەتوانن ئەو بۆشاییە پڕبکەنەوە و ناکرێت کاریان تەنها گەیاندنی هەواڵ بێت، پێویستە کارکردن بۆ پاراستن و بەرەوپێشبردنی نیشتمانەکەیان ئەرکی سەرەکییان بێت.