کۆمیسیۆن وادەی دەستپێکردنی بانگەشەی ڕاگەیاند
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لیستی کاندیدانی پەسەند کرد و وادەی دەستپێکردنی بانگەشەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 01ـی تشرینی یەکەمی 2025، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لیستی کۆتایی ناوی کاندیدانی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقی پەسەند کرد.
بەپێی ئاماری کۆتایی کۆمیسیۆن، 7768 کەس وەک کاندید پەسەندکراون؛ 5520ـیان لە ڕەگەزی نێر و 2248ـیشیان لە ڕەگەزی مێن.
گوتەبێژی کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەش کرد، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، ڕۆژی هەینی، 03ـی ئۆکتۆبەری 2025، وەک وادەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دیاری کرد.
لەبارەی وادەی کۆتاییهاتنی وادەی بانگەشەکەش، گوتی “تا ئێستا ئەو وادەیە لە لایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانەوە دیاری نەکراوە.”