سەرۆکی حکومەتی هەرێم: ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت و حکومەتی فیدراڵی كراوه
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند کە تێگەیشتن و ڕێککەوتنێک لەنێوان کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت لە هەرێم و حکومەتی فیدراڵی عێراقدا هەیە، بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەمە دەستپێکێکی باش دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان.
ئەم ڕاگەیاندنە لە میانی گوتارێکدا هات کە ناوبراو لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی پڕۆژەی جووتسایدی شێخان-لالش پێشکەشی کرد.
سهرۆكی حكومهت جەختی لە بەردەوامبوونی گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا کردەوە سەبارەت بە دابینکردنی بودجە و مووچە، و گوتی: “زۆرجار ئێمە گوتوومانە کە هیچ ئاستەنگێک نەماوە، بەڕاستیش لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە هیچ جارێک هیچ ئاستەنگێک دروست نەکراون، هەموو جارێک هەر بیانوویەک هەبووبێت، ئێمە هەوڵمانداوە لایببەین بۆ ئەوەی بابەتی شایستەی دارایی خەڵکی کوردستان دابین بکرێت.”
سەرۆکی حکومەت هیواشی خواست کە ئەم ڕێککەوتنە “لە ڕۆژانی داهاتوو ببێتە واقع و ببێتە جێی ڕەزامەندیی هەموو لایەک و حکومەتی عێراقیش پابەندییەکانی خۆی بەرانبەر بە ماف و هەقی خەڵکی کوردستان جێبەجێ بکات و چیدی بابەتی مووچە نەبێتە سەردێڕی هەواڵی ڕۆژانە. بۆیە هیوادارم لە ماوەیەکی نزیکدا، بگەینە ئەنجامێکی ئەرێنی.”
پڕۆژەی جووتسایدی شێخان-لالش و پەیامی پێكەوەژیان
لەسەرەتای گوتارەکەیدا، مەسرور بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی ئامادەبووان، بەتایبەتی میر حازم، بابە شێخ و جڤاتی ڕۆحانی و کەسایەتییەکانی ئایینی دەڤەرەکەی کرد. ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە ساڵێک لەمەوبەر بەڵێنی دروستکردنی جووتسایدی شێخان-لالشیان دابوو و ئێستا دڵخۆشن بە کردنەوەی.
سهرۆكی حكومهت جەختی لە گرنگی ئەم دەڤەرە کردەوە، کە بە “زۆر گرنگ لەلایەنی مێژوویی و ئایینی و پێکەوەژیان و شۆڕشگێڕیی مێژووی گەلی ئێمەدا” وەسفی کرد و ئەرکی حکومەتی زانی لە خزمەتکردنی هاووڵاتییانی، بەتایبەت خوشک و برایانی ئێزدی کە بە “بەشێکی ڕەسەنی کوردستان” و “کوردی ڕەسەن” وەسفی کردن.
سەرۆکی حکومەت ئاشکرای کرد کە پڕۆژەی دیکەی خزمەتگوزاری لە دەڤەرەکە و لەسەر ئاستی پارێزگاکان بەردەوام دەبن، بە ئامانجی ئاسانکردنی هاتووچۆ و کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ و پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتییان. هەروەها سوپاسی کۆمپانیا جێبەجێکارەکەی کرد کە پڕۆژەکەی “بە ماوەیەکی زۆر کەم و بە ستانداردێکی جیهانی و نێودەوڵەتی” تەواو کردووە.
پرسی شنگال و هەوڵەکان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مهسرور بارزانی باسی لە قوربانییەکانی خوشک و برایانی ئێزدی کرد و ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە ڕزگارکردنی شنگال بەبیر هێنایەوە، کە فەرمانی دابوو یان شنگال ڕزگار بکرێت، یانیش هەموویان خۆیان لەسەری دابنێن. ناوبراو گوتی: “بە پشتیوانیی خودا، جەنابی سەرۆک، سەرکردایەتیی لەشکری کوردستانی کرد بۆ ئازادکردنی شنگال و پاش سەد ڕۆژ، بەڵێنی جەنابی سەرۆک بەجێ هێندرا. ڕاستە ئێمە سەدان شەهیدمان دا، بەڵام ئێمە نەمانهێشت ئیرادەمان بشکێندرێت.”
سەرۆکی حکومەت نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنی شنگال لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، کە بەهۆی “هەندێک هێزی لەیاسادەرچوو”ەوەیە. داوای لە حکومەتی فیدراڵی کرد هەنگاوی جددی بنێت بۆ گەڕانەوەی سەربڵندانەی ئێزدییەکان بۆ شنگال و دووپاتیشی کردەوە: “پێویستە هەر بگەڕێنەوە و هیچ پیلانێکی سیاسی ناتوانێت ئێمە لە ئاو و خاکمان جیا بکاتەوە.”
لە کۆتاییدا، مەسرور بارزانی هیوا خواست کە گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا بە ئەنجامێکی ئەرێنی بگەن و چیتر پرسی مووچە نەبێتە کێشەیەکی ڕۆژانە، بە جەختکردنەوە لەسەر پابەندبوونی حکومەتی هەرێم بە خزمەتکردنی هاووڵاتییان و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانیان.