وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: غەززە دەسووتێت
لەبارەی دەستپێکردنی هێرشی زەمینی بۆ سەر غەززە، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، غەززە دەسووتێت و تاوەکو ئەرکەکە تەواو نەبێت ناگەڕێینەوە. لە هەمان کاتدا، خانەوادەی بارمتەکان لە بەردەم ماڵی نەتانیاهۆدا گردبوونەتەوە و داوای راگرتنی ئۆپەراسیۆنەکە دەکەن.
یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە پەیامێکدا رایگەیاند، “غەززە دەسووتێت”، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکان لەبارەی دەستپێکردنی هێرشی زەمینیی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە بەرەبەیانی رۆژی سێشەممەوە.
کاتس لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ئێکس” نووسیویەتی: “غەززە دەسووتێت، سوپای ئیسرائیل بە مستێکی ئاسنین لە ژێرخانی تیرۆر دەدات و سەربازەکانی بە ئازایەتییەوە دەجەنگن بۆ رەخساندنی بارودۆخێک بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و بەزاندنی حەماس”.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گوتیشی: “ناگەڕێینەوە و پاشەکشە ناکەین، تاوەکو ئەرکەکە تەواو دەبێت”.
پێشتر ماڵپەڕی “ئەکسیۆس”ـی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا رایگەیاندبوو، هێرشی زەمینیی ئیسرائیل بۆ سەر شاری غەززە لە رۆژی دووشەممەوە دەستی پێ کردووە.
هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرتانە، ژمارەیەک لە ئەندامانی خانەوادەی بارمتەکان لە بەردەم ماڵی تایبەتیی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە قودس خێوەتیان هەڵداوە و داوای گەڕاندنەوەی بارمتەکان و راگرتنی ئۆپەراسیۆنەکە دەکەن.