لە چەمچەماڵ دوو کەس بە تۆمەتی دزینی 126 ملیۆن دینار و 60 مسقاڵ زێڕ دەستگیرکران

پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، دوو تۆمەتباریان لە چەمچەماڵ دەستگیرکردووە کە 126 ملیۆن دینار و نزیکەی 60 مسقاڵ زێڕ لە هاووڵاتییەک دزیوە. پۆلیس دەڵێت، تۆمەتبارەکان دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 15ـی ئەیلوولی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، لەسەر سکاڵای هاووڵاتییەک، دوو تۆمەتبار لەلایەن مەفرەزەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵەوە دەستگیرکران.

بەگوێرەی راگەیێندراوی پۆلیسی سلێمانی، هاووڵاتییەک سکاڵای تۆمارکردبوو کە بڕی 126 ملیۆن دینار و نزیکەی 60 مسقاڵ زێڕی لێ دزراوە.

پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، دوای سکاڵاکە، هێزەکانی پۆلیس دەستبەجێ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکانیان دەست پێ کرد و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانییان هەردوو تۆمەتبارەکە دەستگیربکەن.

ئاماژەی بەوەش کردووە، دەستگیراوە بەسەر بەشێک لە پارە دزراوەکەدا.

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، تۆمەتباران (ب. ع. ع، لەدایکبووی 1999) و (م. م. إ، لەدایکبووی 2000)، دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و لەئێستادا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 443ـی یاسای سزادان راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەیان بەردەوامە.

دڵخوازەكانتان