مەسروور بارزانی: ئەوەی لە لای ئێمە گرینگە بەختەوەریی خەڵکی کوردستانە

مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، شەشەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی وەبەرهێنانی خانووبەرەی لە هەولێر کردەوە. 

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێداونێکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا سەبارەت بە پرسی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوت، گوتی، “ئێمە زۆرجار ئەم قسەیەمان کردووە و هەموو جارێکیش باسمان کردووە، کە هیوادارین بە زووترین کات ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن، بەڵام هەموو جارێکیش دەبینین کە کێشەیەکی نوێ لە لایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە هاتووەتە ئاراوە کە هەمیشە هەوڵمان داوە زۆر زۆر لەسەرخۆ ئەو کێشانەش چارەسەر بکەین، چونکە ئەوەی لە لای ئێمە گرینگە بەختەوەریی خەڵکی کوردستانە، ئارامی و سەقامگیریی خەڵکی کوردستانە، بەردەوامبوونی پێشکەوتنی ئابووریی هەرێمی کوردستانە، لەبەر ئەوە ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستانە دەیکات و بەردەوامیش دەبێت.”

مەسروور بارزانی ئاماژەی بەوەش دا، “ئێستا شاندەکانی ئێمە لە گفتوگۆی بەردوام دان لەگەڵ شاندی حکوومەتی فیدراڵی. لەسەر داهاتە نانەوتییەکان تەقریبەن گەیشتووینەتە قۆناغی کۆتایی بۆ تێگەیشتن. لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتیش، هەرێمی کوردستان هیچ کێشەیەکی نەماوە، نە لەگەڵ کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان، نە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی، ئەوەی ماوە خاڵێکە بەینی کۆمپانیاکان و حکوومەتی فیدراڵی. کۆمپانیاکان ئێستا داوای گەرەنتی دەکەن بۆ بەردەوامبوونی دابینکردنی شایستە داراییەکانی خۆیان.”

دڵخوازەكانتان