حەماس ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆی دەستبەجێ نیشانداوە

بزووتنەوەی حەماس ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆی دەستبەجێ نیشانداوە، بەڵام مەرجی کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئیسرائیل و پێکهێنانی لیژنەیەکی فەڵەستینیی سەربەخۆی بۆ بەڕێوەبردنی کەرتەکە هەیە.

ئەمڕۆ دووشەممە 8ـی ئەیلوولی 2025، بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە هەندێک بیرۆکەی لە ئیدارەی ئەمریکاوە پێ گەیشتووە، بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ ئاگربەست لە غەزە و ئازادکردنی بارمتەکان لەگەڵ ئیسرائیل.

ئەمە دوای ئەوە دێت کە رۆژی یەکشەممە، دوو بەرپرسی ئیسرائیلیی ئاگادار لە گفتوگۆکان رایانگەیاند، ئەمریکا بنەمای نوێی بۆ ئاگربەست خستووەتەڕوو، کە داوای ئازادکردنی دەستبەجێی هەموو دیلەکان و دەستپێکردنی دانوستاندن دەکات بۆ کۆتاییهێنانی گشتگیر بە جەنگ.

لە بەیاننامەیەکدا کە درەنگانی شەوی یەکشەممە بڵاویکردەوە، حەماس رایگەیاند، “پێشوازی لە هەر هەنگاوێک دەکات کە پشتگیری لە هەوڵەکانی راگرتنی دەستدرێژی بۆ سەر گەلەکەمان بکات”.

بزووتنەوەکە ئامادەیی دەستبەجێی خۆی بۆ دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ نیشاندا، بۆ تاوتوێکردنی ئازادکردنی هەموو دیلە ئیسرائیلییەکان، لە بەرامبەر ئەوەی کە بە پابەندبوونێکی روونی ئیسرائیل بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ ناوی بردووە. مەرجەکانی حەماس بریتین لە کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەزە و پێکهێنانی لیژنەیەکی فەڵەستینیی سەربەخۆ بۆ بەڕێوەبردنی کەرتەکە.

حەماس جەختیشی کردەوە، هەر رێککەوتنێک دەبێت پابەندبوونێکی ئاشکرا و راشکاوانەی ئیسرائیلی لەخۆبگرێت، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە لە داهاتوودا لە رێککەوتنەکە پاشگەز نابێتەوە یان پشتگوێی ناخات.

دڵخوازەكانتان