رێبەر ئەحمەد: هەڕەشەکانی داعش هێشتا بەردەوامن

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند ، هەڕەشەکانی داعش هێشتا بەردەوامن و رووبەڕووی قاچاخچێتیش دەبنەوە، هاوکات جەخت لەسەر بەهێزیی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا و خواستی پەرەپێدانی دەکاتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا تیشکی خستە سەر چەند پرسێکی ئەمنی و سیاسیی و ئابووری گرنگ و رایگەیاند: “حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی زۆر بەهێزی لەگەڵ حکوومەتی ئەمریکادا هەیە و دەیەوێت هاوبەشیی بەردەوامی لەگەڵ ئەمریکادا هەبێت”.

وەزیری ناوخۆ گوتی: “دەمانەوێت پەیوەندییەکی بەهێزمان لەگەڵ ئەمریکا و کۆمپانیا ئەمریکییەکاندا هەبێت”.

هەروها ئاماژەی  بەوە کرد کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات و دروستکردنی هەلی کار بۆ گەنجان.

سەبارەت بە هەڕەشە ئەمنییەکان، رێبەر ئەحمەد گوتی: “هێشتا هەڕەشەی داعش لەناو نەچووە و لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان چالاکن. هێزەکانمان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان بەردەوامن لە رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعشدا. هەروەها هێرشی میلیشاکان بۆ سەر ژێرخانی وزە، ناسەقامگیری دروست دەکات”.

هاوکات جەختی لەسەر بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی کردەوە و رایگەیاند: “بەردەوام کار دەکەین لە بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی، کە هۆکارە بۆ ناسەقامگیریی ئاسایشی ئابووریمان”.

لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا، وەزیری ناوخۆ روونیکردەوە: “دەمانەوێت هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکییەکان بکەین بۆ سەقامگیریی ژێرخانمان و دەمانەوێت لە رووی تەکنەلۆژیاوە هاوبەشی بکەین، کە ئەو هاوبەشییە نەک تەنیا خەڵکی هەرێمی کوردستان، بەڵکو خەڵک و سامانی ئەمریکاش دەپارێزێت کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن”.

دڵخوازەكانتان