سه‌رۆك له پاریسه‌وه پەیامی بۆ جیهان نارد
د. عیرفان عەزیز
كردنه‌وه‌ی ڕێره‌وی پێشمه‌رگه لە ٥/٩/٢٠٢٥ له پاركی (ئۆندرێ سیترۆێن) له پاریس، ده‌نگدانه‌وه‌ی جیهانی و میدیای هه‌بوو. ئه‌م رووداوه خاڵی وه‌رچه‌رخانە، به‌تایبه‌ت بۆ هێزێكی وه‌ك پێشمه‌رگه، كه سه‌رۆك بارزانی، له ڕێوڕەسمه‌كه‌دا بە جیهانی گەیاند، کە “پیشمه‌رگه پارێزه‌ری مافی مرۆڤ، ئازادی و دیموكراتییه”. ئیستا ده‌توانین بڵێین، كه پێشمه‌رگه لە پایته‌ختەکانی ئه‌وروپادا ڕێزلێگیراوه. زۆر جاران نه‌یارانی كوردستان هه‌وڵیانداوە له شكۆی پێشمەرگە كه‌م بكه‌نه‌وه، به‌ڵام سه‌رۆك بارزانی جارێکی تر پێشمەرگەی وەکو پارێزەری دیموکراتی ناساندەوە.
پرۆتۆكۆڵی ڕێوڕه‌سمه‌كه له ئاستێكی شاهانه‌دابوو، بە تایبه‌ت سه‌ردانەکەی سه‌رۆك بۆ شاره‌وانی پاریس كه به یه‌كێك له شاره‌وانییه گرینگه‌كانی ئه‌وروپا داده‌نرێت و ئیداره‌ی ١٣ ملیۆن كه‌س ده‌كات. پاریس به‌ناوه‌ندی بڕیاری سیاسی ئه‌وروپا و وێنه‌ی سیاسی هاوپه‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی (ناتۆ) ناوزەند دەکرێت. لە لایەکی ترەوە سه‌ردانی سه‌رۆك بۆ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا و دیداری لەگەڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا، وره‌یه‌كی به‌هێزی به دۆزی ڕه‌وای گەلەکەمان داوە. به‌تایبه‌ت له ئاستی نێودەوڵەتی، كه ئێستا سه‌رۆك وه‌ك هێمای به‌رخودان و ئازادی پێشوازی لێده‌كرێت و سه‌رمه‌شقی به‌جیهان ناساندنی پێشمه‌رگه‌یه. دڵخۆشی ڕه‌وه‌ندی كوردی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌م ڕێوڕه‌سمه به‌هێزترین خاڵه، كه كاری له‌سه‌ر بكرێت و بكرێته خاڵی وه‌رچه‌رخانی ڕێڕەوی دیپلۆماسیه‌تی كوردستان، بیرمان نه‌چێت ژان نوێل بارۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا، له كاتی پێشوازی له سه‌رۆك به‌ناوی وڵاته‌كه‌یەوه رایگه‌یاند، كه فەرەنسا لە پشتیوانیی هەرێمی کوردستان به‌تایبه‌ت له‌ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر بەردەوامدەبێت.
ئه‌وه‌ی گرینگه باس بكرێت، ده‌قی گووتەکانی سه‌رۆك بارزانییە له مه‌راسیمه‌كه‌دا، سەرۆک ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه لە شەڕی دژی داعش١٢ هەزار پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون، توانیان سەروەرییەکی گەورە بۆ خۆیان و گەلی کوردستان تۆماربکەن، خاڵی جەوهەری ڕێزگرتن لە پێشمه‌رگه و سه‌رۆك بارزانی له‌وه‌دابوو، كه پێشمه‌رگه به‌ڕابه‌رایە‌تی سه‌رۆك بارزانی ڕێگەی نه‌دا داعش له ساڵی 2014 تا 2017 ببێته هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر جیهان. خەلافەتی داعش له‌سه‌ر ده‌ستی پێشمه‌رگه تێكشێنرا، ئه‌مه بۆ یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌هێزترین خاڵ بوو، كه پێشمه‌رگه ڕێگەی نه‌دا تیرۆر بچێته شه‌قامه‌كانی ئه‌وروپا.
هه‌ر له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا لە بارەی هەڵوێستی فەڕەنسا بەرانبەر بە دۆزی کورد، سەرۆک بارزانی فەرمووی: جێگەی خۆشحاڵییە، کە هەڵوێستی فەرەنسا بەرانبەر بە دۆزی کورد نەگۆڕاوە. هەرچەندە لەو وڵاتە چەندین سەرۆک گۆڕدراون، بەڵام هەڵوێستی سیاسی‌یان بەرانبەر بە کورد نەگۆڕاوە. ئه‌م خاڵه ده‌ر‌خه‌ری ئه‌وه‌یه، كه گه‌لی كوردستان له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابرردوو هاوشێوه‌ی گه‌لانی ناوچه‌كه، به‌تایبه‌تی گه‌لی فه‌ره‌نسا کە شۆڕشی نوێی مرۆڤایه‌تییان دژی زوڵم و زۆرداری هه‌ڵگیرساند، بە هەمان شێوە كوردستان پێشه‌نگ بووە لە بەرە و پێشچوونی وڵاتی خۆی و ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی تیرۆر، وێڕای ئه‌و هه‌موو فشار و پیلانه جیاوازانه‌ی، كه بۆ ڕاوه‌ستانی پێشكه‌وتنەکانی کوردستان ده‌گیرێنه به‌ر، به‌ڵام ده‌بینین به سه‌رۆكایه‌تی مه‌سروور بارزانی بە پاڵپشتی خەڵکی بە ئەمەکی کوردستان، له كابینه‌ی نۆیه‌م كوردستان خاوه‌نی گه‌وره‌ترین ده‌سكه‌وتی خۆی بووه، به‌تایبه‌ت له‌ڕووی خزمه‌تگوزاری ڕێگەوبان، كەرتی بانكی (هه‌ژماری من) بۆ سه‌رجه‌م فه‌ر‌مانبه‌رانی كوردستان، پڕۆژه‌ی ئاوی خێرا و كاره‌بای 24 كاتژمێری بۆ خه‌ڵكی كوردستان، ئه‌مانه سه‌رجه‌میان خاڵی گرینگ و وه‌رچه‌رخانن له ژیانی سیاسی و كارگێری خه‌ڵكی كوردستان و له ئاستی جیهانیش پشتیوانی و پێشوازی گه‌وره‌ی لێده‌كرێت.
به‌شێكی دیكه‌ی ڕێوڕه‌سمه‌كه و گوتەکانی سه‌رۆك باسی لە لایەنی مرۆڤ دۆستی، ئه‌وروپییەکان بە تایبەتی خاتوو میتران، كه له ساڵی ١٩٨٩ هاو خەمبووە لەگەڵ گەلی کورد و فرمێسكی بە وەفای بۆ ڕشتووه. سه‌رۆك بارزانی، له‌م ڕوانگه‌وه ده‌یه‌وێت به گه‌لانی جیهان بڵێت گه‌لی كوردستان به‌وه‌فا و دڵسۆزن، هه‌ر كه‌سێك ڕۆژانێك هاوكاری ئه‌م گه‌له‌ی كردبێت له بیری ناكات و خۆشه‌ویستی بۆی ده‌بێت. ئیستا له ناو پایته‌ختی كوردستان هه‌ولێری خۆشه‌ویست و ده‌سته خوشكی پاریس چه‌ند شوێنێكی گرینگ و جوان به‌ناوی ئه‌و خانمه‌كراون كه ڕۆژانێك باوەشی وەفای بۆ كورد کردووەتەوە بە ناوی خاتوو (دانیاڵ میترانه).