له مانگێكدا نزیکهی 36 تهن خۆراک و کەرەستەی خراپ لهناوبرا
لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، لە مانگی ئابدا لە ئەنجامی زیاتر لە شەش هەزار سەردان، نزیکەی 36 تۆن خۆراکی ماوەبەسەرچوویان لەناوبردووە، 8 شوێنکاریان داخستووە و 50 ملیۆن دینار سزایان سەپاندووە.
رۆژی شەممە 6ـی ئەیلوولی 2025، قائیمقامیەتی سلێمانی ئاماری کار و چالاکییەکانی لیژنە هاوبەشەکانی بۆ مانگی ئابی رابردوو بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەدواداچوونەکانیان بۆ بازاڕ و شوێنە گشتییەکان بەردەوامە.
بەگوێرەی ئامارەکە، لە مانگی رابردوودا، لیژنەکان 6 هەزار و 149 سەردانیان بۆ بازاڕ و شوێنە گشتییەکانی سنووری شاری سلێمانی ئەنجامداوە. لە ئەنجامدا، پسووڵەی سەرپێچی بۆ 390 شوێنکار کراوە و 216 شوێنی دیکەش ئاگادارکراونەتەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لەو مانگەدا نزیکەی 36 تۆن خۆراک و کەرەستەی خراپ و ماوەبەسەرچوو دەستی بەسەردا گیراوە و لەلایەن لیژنەی تایبەتەوە لەناو براوە.
هەر لەو ماوەیەدا، شەش دۆسیە رەوانەی دادگا کراون و 8 شوێنکار بەهۆی دووبارەکردنەوەی سەرپێچی و پابەندنەبوون بە رێنماییەکانەوە داخراون. هاوکات، کۆی گشتیی ئەو سزای داراییەی کە لە شوێنکارە سەرپێچیکارەکان وەرگیراوە، گەیشتووەتە 50 ملیۆن دینار.