مالیکی هۆشداری دەدات: دواخستنی هەڵبژاردن وڵات بەرەو “کارەسات” دەبات
عێراق _بەغداد : نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ڕایگەیاند کە هیچ بیانوویەک بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق نییە هۆشداری دا لەوەی هەر هەنگاوێکی پێچەوانە دەبێتە هۆی “کارەسات” لە وڵاتدا.
مالیکی لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە خانەوادەی شەهیدان و برینداران، ئاماژەی بەوەدا کە “هەڵبژاردن گەشت و سەیران نییە، بەڵکو مەرج و ڕێسای خۆی هەیە.” ئەو سیستمی دیموکراسی عێراقی بە بنەمای ئیرادە و دەنگی هاووڵاتیان وەسف کرد و بەشداری خەڵکی بە مەرجی “دروستکردن، جێگیرکردن و گۆڕینی سیستمەکە” زانی.
سەرۆکی دەوڵەتی یاسا ستایشی ڕۆڵی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی کرد لە وردبینیکردنی ناوی کاندیدەکان و داوای لە هاووڵاتیانی عێراق کرد بەشدارییەکی فراوان لەم “مافە نیشتمانی و دەستوورییە”دا بکەن، چونکە بە وتەی ئەو، ئەمە “بنەمای پێکهێنانی حکومەت و بەردەوامیی پرۆسەی سیاسییە.”
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مالیکی ئاماژەی بە هەڕەشە تیرۆریستییەکان کرد و وتی: “ئەو هێرشە تیرۆریستییانەی کرانە سەر عێراق، لە وڵاتانی جیاوازی جیهانەوە بوون کە ئامانجیان لەناوبردنی وڵات و گەلەکەی بوو.”
لە کۆتاییدا، مالیکی دووپاتیکردەوە: “عێراق وڵاتی ئێمەیە و ڕێگە نادەین هیچ کەسێک دەستدرێژی بکاتە سەری، و بە ڕۆڵەکانییەوە بەهێز و سەنگین دەمێنێتەوە.”