شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی عێراق کۆدەبنەوە
شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە بەغدا و کەمێکی دیکە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق دەستپێدەکات.
شاندی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسانەی ناکۆکیان لەسەر هەیە، گەیشتوونەتە بەغدا و یەکەم کۆبوونەوەشیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق دەبێت، هاوکات شاندەکە لە وەزیری سامانە سروشتییەکان و ژمارەیەک بەڕێوەبەر لە دیوانی چاودێری دارایی و وەزارەتەکە لە خۆ دەگرێت.
دوو بابەت هەیە تاوەکوو ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لەسەری ڕێک نەکەوتوون، ئەوانیش داهاتە فیدراڵییەکانە، کە حکوومەتی عێراق داوا %50 داهاتی ئەو وەزارەتانە دەکات کە دەکەونە نێو داهاتیی فیدراڵی، هاوکات بابەتی دووەم ڕێککەوتنە لە سەر باج و ڕسومات.
بەپێی زانیارییەكان ئەمڕۆ دەست بە ڕێکارەکانی خەرجکردنی مووچە ناکرێت، تاوەکوو ڕۆژی سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لەو بارەوە بدات. هاوکات دەبێت تاوەکوو ئەو کات لیژنە وەزارییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق ڕەشنووسی کۆتایی بداتە سەرۆک وەزیرانی عێراق تاوەکوو بڕیارەی لەسەر بدرێت.
لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، هۆکاری دەستپێنەکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕازی نەبوونی سێ کۆمپانیا بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمەریکی لە هەرێمی کوردستان بە مەرجەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق دەگەڕێتەوە،
بەشێک لە کۆمپانیا نەوتییەکانی داوا دەکەن ڕێککەوتن لەسەر شایستە داراییەکان بکەن، بۆ ئەوەی مافەکانیان نەفەوتێت، لە بەرانبەردا وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی داوە، ئەگەر ڕێکیش نەکەوین ئامادەن شایستە داراییەکانی ئەو کۆمپانیایانە بدەین، باسیان لەوەش کردوو ڕازیکردنی کۆمپانیا نەوتییەکان لە ئەستۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.