سەرۆك بارزانی و فەیگن: نابێت مووچە ببێتە بەشێک لە ناکۆکی و ململانێی سیاسییەکان

سەرۆك بارزانی و هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا ڕایانگەیاند، پێویستە چارەسەری پرسی کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم بکرێت و مووچەی هاووڵاتییان نەبێتە بەشێک لە ناکۆکی و ململانێی سیاسی.

ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆك مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام پێشوازی لە ستیڤن فەیگن، هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریكا کرد.

بارەگای بارزانی ڕایگەیاند لە دیدارەکەدا بیروڕا لە بارەیی دوایین پێشهات و رووداوەکانی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و هەناردەکردنەوەی نەوت ئاڵوگۆڕ کران و پاڵپشتیی کۆمپانیاکانی نەوتی ئەمریکی کە بەپێی یاسا و دەستوور رێکەوتنیان لەگەڵ حکومەتی هەرێم ئەنجامداوە دووپاتکرایەوە.

هەردوولا هاوڕابوون کە “پێویستە چارەسەری پرسی کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم بکرێت و مووچەی هاووڵاتییان نەبێتە بەشێک لە ناکۆکی و ململانێی سیاسی”.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە “وێڕای جەختکردنەوە لە بەهێزترکردنی پەیوەندی دوو لایەنەی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا، هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بارودۆخی سووریا و پێشوەچوونی هەنگاوەکانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و بەردەوامیی هەنگاوە ئەرێنییەکان سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا”.

دڵخوازەكانتان