لەسەر ڕاسپاردەی مەسروور بارزانی ناردنی تووشبووانی تالاسیمیا بۆ دەرەوەی وڵات دەستیپێکرد
لەسەر ڕاسپاردەی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان دەستیکرد بە ناردنی تووشبووانی نەخۆشیی تالاسیمیا بۆ وڵاتی تورکیا بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پێویست و ئەنجامدانی نەشتەرگەریی چاندنی مۆخی ئێسک.
ئەمڕۆ سێشەممە ڕێککەوتی ١٩ـی ٨ـی ٢٠٢٥، یەکەم کاروانی تووشبووان کە پێکھاتبوون لە ھەشت نەخۆش و ھەشت بەخشەر، ڕەوانەی وڵاتی تورکیا کران.
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: “لەم قۆناغەدا کۆی گشتیی ئەو نەخۆشانەی ڕەوانە دەکرێن ١٤٠ کەسە و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت.”
وەزیری تەندروستی ئاماژەی بە تێچووی چارەسەرەکەش کرد و وتی: “تێچووی ھەر نەشتەرگەرییەک لەسەر ئەرکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە. ئەگەر تووشبووەکە بەخشەری ھەبێت، تێچووەکەی ٧٥ ملیۆن دینارە، ئەگەریش بەخشەری نەبێت، ٩٥ ملیۆن دینار تێچووی دەبێت.”
ئەم ھەنگاوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھیوا و دەرفەتێکی نوێ بە نەخۆشانی تالاسیمیا دەبەخشێت بۆ وەرگرتنی چارەسەری بنەڕەتی و باشترکردنی دۆخی تەندروستییان.