بەشێکی عومرەکارە کوردە گیرخواردووەکان بە ڕێگەی وشکانی دەگەڕێندرێنەوە

نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند “حکوومەتی هەرێم هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو دوو هەزار عومرەکارە کوردەی لە سعوودییە گیریان خواردووە؛ ئەوان سەرپشک کراون، دەتوانن چاوەڕێ بکەن تا کێشەکەیان چارەسەر دەبێت یان دەتوانن لە ڕێگەی پاسەوە بگەڕێنەوە.”

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی باسی لەوەش کرد، بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، 18ی ئابی 2025، یەکەم کاروانی ئەو عومرەکارانە کە ژمارەیان زیاتر لە 45 کەسە، لە ڕێگەی پاسەوە بگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان.

 نەبەز ئیسماعیل دڵنیاییشی دا، ئەو عومرەکارانەی لە سعوودییە ماونەتەوە “لە شوێن و پەناگەی باش و گونجاودان و هیچ گرفتێکیان نییە.” باسی لەوەش کرد، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی عێراق لە هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی هەموو عومرەکاران بەردەوامە، پێشبینی دەکەن، تا چوارشەممەی داهاتوو، 20ـی ئابی 2025، هەمووان بگەڕێنەوە. 

هۆکاری سەرەکیی گیرخواردنی نزیکەی 16 هەزار عومرەکاری عێراقی، کە 2000 یان کوردن، ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی هێڵی ئاسمانی عێراقە بەهۆی چلەی ماتەمینی “ئیمام حوسێن”.ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە گەشتی چارتەریش تا کاتێکی نادیار ڕابگیرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف هۆشداریشی داوەتە کۆمپانیاکان کە پابەندی ئەرکەکانیان بن بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی و کارگێڕی نەبنەوە. خەرجی مانەوەی عومرەکاران لەو بڕە پارەیە دەدرێت کە کۆمپانیاکان وەک بارمتە دایانناوە.

دڵخوازەكانتان