“حکومەتی عێراق پابەندی ڕێککەوتنەکان نابێت”

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ڕاپەڕینی پارتی ڕایگەیاند، لەگەڵ یەکێتی ڕێککەوتون لە مانگی (ئەیلول/9)ـی داهاتو، خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستبەکارەکانی بکات و بۆ پێکهێنانی حکومەت هەنگاوی باشمان بڕیوە. دەشڵێت، “هەرێم، سەرجەم پابەندییەکانی خۆی لە بەرانبەر ڕێککەوتنەکان جێبەجێکردوە، بەڵام ئەوە حکومەتی عێراقە کە پابەندی ڕێککەوتنەکان نابێت”.

عەلی حوسێن، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ڕاپەڕینی پارتی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەدوا کۆبونەوەی هەردو شاندی دانوستانکاری پارتی و یەکێتی، گەیشتنە ئەو بڕیارەی، کە لە مانگی (ئەیلول/9)ـی داهاتو، خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستبەکارە ئاسایی و یاساییەکانی بکات، ئەوەش هەنگاوێکی ئەرێنییە.

لەگەڵ یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەت هەنگاوی باشیان بڕیوە

ئاماژەی بەوەشكرد، لەگەڵ یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەت هەنگاوی باشیان بڕیوە. هەوڵەکانی هەردولا بۆ ئەوەیە پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنن.

عەلی حوسێن باسی لەوەشكرد، بەغدا بەردەوام بیانو بە هەرێمی کوردستان دەگرێت و پابەندی ڕێککەوتنەکان نابێت، هەروەها بڕینی موچەی موچەخۆرانی هەرێم تاوانە. حکومەتی هەرێم، سەرجەم پابەندییەکانی خۆی لە بەرانبەر ڕێککەوتنەکان جێبەجێکردوە، هەمو هەنگاوێکی ئەرێنیشی ناوە بۆ چارەکردنی کێشەی موچە، بەڵام ئەوە حکومەتی عێراقە کە پابەندی ڕێککەوتنەکان نابێت.

دڵخوازەكانتان