سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ کرد
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە ڕێککەوتنی ئاشتیی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا کرد و بەهۆی نێوەندگیریی سەرکەوتووانەی ئەم ڕێککەوتنە مێژووییەش پیرۆزبایی لە سەرۆکی ئەمریکا کرد.
نێچیرڤان بارزانی لە نووسینێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆری کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: “پێشوازی لە واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی لەنێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا لە کۆشکی سپی دەکەم”.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە درێژەی تویتەکەیدا نووسیویەتی: “پیرۆزبایی لە سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دەکەم بۆ نێوەندگیریی سەرکەوتووانەی ئەم ڕێککەوتنە مێژووییە”.
سەرۆککۆماری ئازەربایجان و سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا لە واشنتن، بە ناوبژیوانیی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا ڕێککەوتننامەی ئاشتییان واژۆ کرد و بەڵێنیان دا بۆ هەمیشە کۆتایی بە شەڕ و ناکۆکییەکانیان بهێنن و ڕێز لە سەروەریی یەکتر بگرن.