وەزیری نەوتی عێراق وادەی وەرگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند

وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، ئەمڕۆ یان سبەی دەست بە وەرگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستانی دەکەن و لە ڕێگەی کۆمپانیای ‘سۆمۆ’ـەوە، هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکیای دەکەن.

بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 06ـی ئابی 2025، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت و جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەردانی پارێزگای کەرکووکی کرد و لە لایەن ڕێبوار تەها، پارێزگار و ژمارەیەک لە بەرپرسانی پارێزگاکەوە، پێشوازی لێ کرا. دواتر پێکەوە کۆمپانیای ‘نەوتی باکوور”ـیان بەسەر کردەوە. 

وەزیری نەوتی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدای لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان کرد و ڕایگەیاند “وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێی ڕاگەیاندووین، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ڕۆژانە لە کێڵگە نەوتییەکانیان گەیشتووەتە 130 هەزار بەرمیل نەوت. لەو بڕە، 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ پێداویستیی ناوخۆیی هەرێم بەکار دەهێنرێت و ئەو بڕەی دەمێنێتەوە کە 80 هەزار بەرمیل نەوتە، وەریدەگرین و هەناردەی دەکەین.”

لە وەڵامی پرسیاری “کەی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) دەست بە وەرگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات؟” عەبدولغەنی ئاماژەی بەوە دا “ئەمڕۆ یان سبەی، دەست بە بە وەرگرتنی نەوتی بەرهەمهێنراو لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین و لە ڕێگەی کۆمپانیای ‘سۆمۆ’ـەوە هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکیای دەکەین.”

جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لە هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانیشی کرد و ڕایگەیاند، بەهۆی ئەو هێرشانەوە، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دابەزیوە و هەندێک کۆمپانیاکانیش کارەکانیان ڕاگرت، “ئەگەر ئێمە نەوتی هەرێمی کوردستان وەربگرین و هەناردەی بکەین، کۆمپانیاکانی دیکەش دەگەڕێنەوە سەر بەرهەمهێنان و ئاستی بەرهەمی نەوتی هەرێم زیاد دەکات.”

لەبارەی ڕێککەوتنی نێوان عێراق و تورکیا کە ساڵی داهاتوو کۆتایی دێت، وەزیری نەوت باسی لەوە کرد “ڕێککەوتنمان لەگەڵ تورکیا تا ساڵی داهاتووش کاری پێ دەکرێت؛ لەو ماوەیەشدا کار دەکەین بۆ هێنانەکایەی ڕێککەوتنێکی نوێ.”

ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی پێنجشەممە، 17ـی تەممووزی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تابیەت بە پرسی نەوت و مووچەی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و دەنگی بە ڕێککەوتنی لێکتێگەیشتنی نێوان هەرێم و بەغدا، کە بەپێی لێکتێگەیشتنەکە دەبێت حکوومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە 120 ملیار لە داهاتی نانەوتی و 230 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بداتە حکوومەتی فیدراڵ؛ بەڵام دوای هێرشە درۆنییەکان، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە. 

دڵخوازەكانتان