مەسرور بارزانی و کونسوڵی قەتەر لە هەرێم کۆبوونەوە
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە کۆبوونەوەی لەگەڵ کونسوڵی گشتی قەتەر لە هەرێمی کوردستان، باسیان لە ئاو و کارەبای 24 کاتژمێری کرد.
لەو بارەوە مەسرور بارزانی، لە فەیسبوک بڵاویکردەوە: ئەمڕۆ پێشوازیمان لە حسێن بن عەلی ئەلفەزالە، كونسوڵی گشتیی قەتەڕ لە هەرێمی كوردستان كرد بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکە دیپلۆماتییەکەی.
دەشڵێت: ئاماژەمان بە گرنگیی پتەوکردنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە کرد و سوپاسی کونسوڵی گشتیی قەتەڕییشمان کرد بۆ ئەو ماوەی کاری بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و قەتەڕ کردووە و هیوای سەرکەوتنمان لە ئەرکی داهاتووی بۆ خواست.
مەسرور بارزانی ئەوەشی وتووە: کونسوڵی گشتیی قەتەڕ، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هاوكاری و پشتگیریی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حکومەتی هەرێمی كوردستانی دەربڕی و خواستی دەوڵەتی قەتەڕیشی بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات كردەوە.
باسی لەوەشکردووە: کونسوڵی قەتەر هەروەها ستایشی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا کرد بە تایبەتی پڕۆژەی ئاو و کارەبای 24 کاتژمێری.