ئەمەریکا پێشوازیی لە ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا دەکات

هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبووەوە و ڕایگەیاند: ئەمەریکا پێشوازیی لە ڕێککەوتنی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لەبارەی پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم دەکات.

ڕۆژی شەممە 19ـی تەممووزی 2025 لە سەڵاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی، پێشوازیی لە ستیڤن فەیگن، هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق كرد.

بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە، لە دیدارەكەدا كە ستیڤن بیتنەر كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێریش ئامادەی بوو، هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق، وێڕای ئاماژەدان بۆ ڕۆڵی هەرێمی كوردستان لە سەقامگیریی عێراق و ناوچەكە، جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی خوازیاری هەرێمی كوردستانی بەهێزە و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان لە بەرژەوەندیی هەموو لایەكە.

 هەر لەو دیدارەدا پڕۆسەی چارەسەریی ئاشتی لە توركیا و بارودۆخی سووریا خرایە بەرباس و گفتوگۆ، هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق پێزانینی بۆ ڕۆڵ و هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی لە پاڵپشتیكردنی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا و هەروەها لەیەكترنزیككردنەوەی و پتەوكردنی یەكگوتاریی لایەنە كوردییەكانی سووریا هەبوو.

سەرۆك بارزانیش ڕایگەیاند: كە پرۆسەی چارەسەریی ئاشتی لە توركیا، لە بەرژەوەندیی هەموو لایەك و ناوچەكەیە و ئێمە بە هەموو توانایەك پاڵپشتی ئەو پرۆسەیەین و هەر چی پێویست بێت بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسەیە ئەنجامی دەدەین.

 هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ تەوەرێكی دیکەی دیدارەکە بوون.

هەروەها شاندی میوان ئەوەیان بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند، ئەمەریكا پێشوازی لەو ڕێككەوتنە دەکات کە لە نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، لەسەر مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە ئارادایە.

دڵخوازەكانتان