“زیانێکی زۆر بە ژێرخانی کێڵگە نەوتییەکان کەوتووە”
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشە درۆنییەکان بڵاوکردەوە و دەڵێت، “ژمارەیەک هێرشی تیرۆریستی” کرانە سەر کێڵگە نەوتییەکانی تاوکێ، پێشخابوور و عین سفنی، بەهۆیانەوە “زیانێکی زۆر بە ژێرخانی کێڵگەکان کەوتووە.”
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکاندا هاتووە، “سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی تەممووزی 2025 لە رێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە ژمارەیەک هێرشی تیرۆریستی کرانە سەر کێڵگەکانی نەوتی تاوکێ، پێشخابوور و عین سفنی لە ئیدارەی سەربەخوی زاخۆ و قەزای شێخان، سەر بە پارێزگای دهۆک.”
بەپێی راگەیێندراوەکە، هەرچەندە هێرشەکان زیانی گیانییان لێنەکەوتووەتەوە، “بەڵام زیانێکی زۆریان لە ژێرخانی کێڵگەکان داوە.”
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئاماژەی بەوە داوە، “بە تووندی ئەم هێرشە تیرۆریستییانە سەرکۆنە و شەرمەزار دەکات، کە مەبەست لێدانی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان و دروستکردنی مەترسییە لەسەر سەلامەتیی کارمەندانی مەدەنیی کەرتی وزە.”
سامانە سرووشتییەکان بانگەوازی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی فیدراڵی و کومەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، “بە زووترین کات بێنە سەر خەت بۆ پاراستنی گیانی کارمەندانی مەدەنی، ئەمنیەتی وزە و رێگریکردن لە هێرشی دیکە بۆسەر کەرتی وزەی کوردستان.”
وەزارەتەکە دەشڵێت، “هەموو هەوڵێکی خۆمان بۆ پاراستنی گیانی کارمەندانی کەرتی وزە و پێگەی ستراتیجی لە دابینکردنی سەقامگیریی وزە لە ناوچەکە و جیهان دەدەین.”