چەند ڕاوچییەک پۆلیسێکی دارستانیان بریندارکرد
ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان ئاشکرای دەکات، چەند ڕاوچییەک تەقەیان لە پۆلیسی دارستان کردووە و پۆلیسێکیان بریندارکردووە.
دووشەممە 14ـی تەممووزی 2025، پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی برینداربوونی پۆلیسێکی لەلایەن ڕاوچییانەوە بڵاوکردەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی تەممووزی 2025، مەفرەزەیەکی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی خانەقین لەسنووری گوندی سەنگەر، بەمەستی ڕێگرتن لە دیاردەی ڕاوکردن پشکنینی ناوچەکەیان کردووە، لەو کاتەدا چەند چەکدارێکی نەناسراو تەقەیان لە مەفرەزەکەی پۆلیسی دارستان کردووە، لە ئەنجامی ئەوەشدا پۆلیسێکیان بە ناوی (باقی ئەبوبکر) بریندار بووە، دواتر چەکدارەکان ئۆئۆمبێلەکەیان کە لەجۆری نیسان پاتڕۆڵە بەجێهێشتوەو هەڵهاتوون، پۆلیسی دارستان دەڵێت: لە ئێستادا دەستبەسەر ئۆتۆمبێلەکەدا گیراوە و ڕێکاری یاسایی گیراوەتەبەر