سەرۆکی حکوومەت سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە هەوڵەکانی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات

بە سەرپەرشتیی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەیەكی تایبەت لەبارەی دوایین هەوڵ و دەرئەنجامەکانی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان، بەڕێوە چوو.

ئەمڕۆ یەكشەممە 13/7/2025، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت، کۆبوونەوەیەکی تایبەت کرا سەبارەت بە دوایین هەوڵ و دەرئەنجامەکانی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان.

لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە چڕکردنەوەی هەموو هەوڵەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ کرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و لەمبارەیەوە کۆدەنگی و هاوهەڵوێستی هەیە بۆ دەستەبەرکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان کە مافێکی یاسایی و دەستووریی مووچەخۆرانە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە کاری هاوبەش بۆ کۆتاییهێنان بەم کێشەیە کە بە داخەوە کاریگەریی زۆر خراپی کردووەتە سەر بژێوی و بارودۆخی ژیانی مووچەخۆران و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە گشتی، ئەم بابەتەش کاری لەپێشینە و ئێستای حکوومەتە، لەم پێناوەشدا لە کاری بەردەوامدایە بۆ چارەسەرکردنی.

دڵخوازەكانتان