سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەکات
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەکات و دووپاتی دەکاتەوە، تاکە ڕێگە بۆ سەقامگیریی بەردەوامیی ناوچەکە، گفتوگۆ و لێکگەیشتنە.
سێشەممە، 24-06-2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند، پێشوازیی لە ئاگربەستی شەڕی ئێران و ئیسرائیل دەکات کە لە لایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە، ڕاگەیەنراوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان نووسیویەتی “باوەڕم وایە تاکە ڕێگەی سەقامگیری و ئاسایش و خۆشگوزەرانیی بەردەوام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، گفتوگۆی گشتگیر و بنیاتنەر و لێکگەیشتنی نێوان هەموو لایەنەکانە.”
نێچیرڤان بارزانی دەشڵێت: “سوپاس و پێزانینی گەرمی خۆم ئاراستەی سەرۆک ترەمپ و سەرکردەکانی دیکە دەکەم بۆ پابەندبوونیان بە دیپلۆماسی و چارەکردنی ئاشتییانەی ناکۆکییەکان، لەم کاتە گرنگەدا.”