ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران: دەست بەرداری بەرنامەی ئەتۆم نابین

ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران، ئیدانەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی دەکات و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بە کەمتەرخەم و هاوکاریی هێرشەکە تۆمەتبار دەکات، لەگەڵ ئەمەشدا جەخت دەکاتەوە، کە لە پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بەردەوام دەبێت.

چەند کاتژمێرێک لە هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان، ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا، وێڕای ئیدانە کردنی هێرشەکان، بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی بە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتی و پەیماننامەی قەدەغەی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی لە قەڵەم دا.

هەروەها ڕایگەیاندووە، هێرشەکانی ئەمەریکا لە سایەی کەمتەرخەمی و تەنانەت هاوکاریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ئەندام بووە. هاوکات داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە، لەگەڵ ئیدانەکردنی هێرشەکانی ئەمەریکا، هاوکاریی ئێران بکەن بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانی. 

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران جەخت لە بەردەوام بوون و پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەکاتەوە و ئاماژەیداوە، سەرەڕای پیلانی دوژمنان، بە هەوڵی هەزاران زانای پسپۆڕی شۆڕشگێڕ، ڕێگە نادەن ڕەوتی پەرەپێدانی ئەم زانستە نیشتمانییە، کە بەرهەمی خوێنی شەهیدانە بووەستێت.

هەروەها ڕێکخراوی ئەتۆمی ئێران ڕایگەیاندووە، هیچ مەترسییەکی دەچوونی تیشکدانەوەی ئەتۆمی لە هیچ یەکێک لەو سێ دامەزراوە ئەتۆمییەی بۆمباران کراوە بەدی نەکراوە.

ئاماژەشیداوە، دوای هێرشەکان، دەستبەجێ لە دەوروبەری دامەزراوەکان پشکینینی پێویستیان کردووە بۆ دڵنیابوونەوە لە ئەگەری دزەی تیشکدانەوە، بەڵام هیچ مەترسییەک تۆمار نەکراوە.

هەروەها ناوەندی سیستەمی نیشتمانی بۆ سەلامەتی ئەتۆمی ئێران ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە، دڵنیایی داوە لەوەی هیچ مەترسییەک نییە کە هەڕەشە لە سەلامەتی هاووڵاتییانی ئێرانی نیشتەجێی دەوروبەری دامەزراوە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان بکات.

بەرە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی حوزەیرانی 2025، هێزی ئاسمانی ئەمەریکا لە هێرشێکی لە ناکاو و یەک کاتدا هەر سێ دامەزراوەی ئەتۆمی فەردۆ، نەتەنز و ئیسفەهانیان بۆمباران کرد و لە چەند کاتژمێرێکی کەم لە تێپەڕبوون بەسەر هێرشەکە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، هێرشێکی سەرکوتوویان ئەنجامداوە و کۆتاییان بە فۆردۆ و هەڕەشە و مەترسییە ئەتۆمییەکانی ئێران هێناوە

دڵخوازەكانتان