ئەمەریکا هێرشی کردە سەر ئێران
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، هێزی ئاسمانی وڵاتەکەی هێرشێکی سەرکەوتووی کردووەتە سەر هەر سێ دامەزراوەی ئەتۆمییەکانی ئێران.
ترەمپ لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس بڵاوی کردووەتەوە، نووسیویەتی: هێرشێکی سەرکەوتوومان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لەوانە بۆ سەر فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان ئەنجامداوە و ئێستا فڕۆکەکانمان ئاسمانی ئێرانیان جێهێشتووە و بە سەلامەتی لە ڕێگەی گەڕانەوەدان بۆ بنکەکانیان.
هەروەها سوپاسی سوپای ئەمەریکا دەکات و دەستخۆشیان لێدەکات، ئاماژەشیداوە، لە جیهاندا هیچ سوپایەک نییە ئەم چالاکییە بکات، هەربۆیە ئێستا کاتی ئاشتییە.
هەر لە بارەی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی B-2 هێرشەکانیان ئەنجامداوە.
دۆناڵد ترەمپ لە کورتە پەیامێکی دیکەدا نووسیویەتی “فۆردۆ کۆتایی پێهات”. هەروەها بڕیارە کەمێکی دیکەی لە کۆشکی سپی لە بارەی هێرشی سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران قسە بۆ میدیاکان بکات.
ئەم هێرشە ئاسمانییەی ئەمەریکا لە کاتێکدایە، ترەمپ ماوەی دوو هەفتەی دیاری کردبوو بۆ یەکلا کردنەوەی هەڵوێستی کۆتایی وڵاتەکەی بۆ چوونە نێو جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران، بەر لەمەش جەختی کردبووەوە لەسەر ئەوەی پێویستە ئێران بگەڕێتەوە بۆ دانوستانەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، هەرچەندە تاوەکوو ئێستا پێنج گەڕی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لە نێوان ئێران و ئەمەریکا بە نێوەندگیری عوممان بەڕێوەچووە و بڕیاریش بوو یەکشەممەی ڕابردوو 15ی حوزەیرانی 2025، گەڕێ شەشەمی دانوستانەکان لە مەسقەت بەڕێوە بچێت، بەڵام بەهۆی هێرشەکانی ئێران لە 13ی ئەم مانگە، گەڕی شەشەمی دانوستان هەڵوەشایەوە.