سوپای ئیسرائیل: ئامادەكاری بۆ ڕۆژانێكی سەخت دەكەین
سەرۆکی ئەرکانی ئیسرائیل دەڵێت :” ئامادەکاری دەکەین بۆ هەڵمەتێکی درێژخایەن و چاوەڕوانی ڕۆژانی سەخت دەکەین
ئیال زەمیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند: ئیسرائیل خۆی بۆ هەڵمەتێکی درێژخایەن ئامادە دەکات بۆ نەهێشتنی هەڕەشەکان لە چەند بەرەیەکدا، ئاماژەی بەوەشکرد کە ڕۆژانی سەخت لە پێشە بۆ وڵاتەکە.
ئەم وتانەی سەرۆكی ئەركانی سوپای ئیسرائیل لە میانی پێشكەشكردنی وتارێكدا بوو ئاماژەی بەوەدا “ئێمە خۆمان بۆ پێشهاتە ئەگەرییەکانی جۆراوجۆر ئامادە دەکەین. دەستمان بە ئاڵۆزترین هەڵمەتی مێژووی خۆمان (هێرش بۆ سەر ئێران) کردووە.
دەستمان بەم هەڵمەتە کردووە بۆ نەهێشتنی هەڕەشەیەکی بەم قەبارەیە، بەرامبەر بە دوژمنێکی لەم شێوەیە، کە پێویستی بە ئامادەکاری هەیە بۆ هەڵمەتێکی بەردەوام”.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: سەرەڕای دەستکەوتەکانمان، ڕۆژانی سەخت لە پێشە. ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانمان هەفتەیەک لەمەوبەر دەستیپێکرد، ئێمەش دەچینە قۆناغێکی گرنگەوە بۆ نەهێشتنی هەڕەشەیەکی وجودی.
وتیشی :” ئێران بەرهەمهێنانی مووشەکی زیادکردووە و پێشبینی دەکرێت لە ماوەی دوو ساڵدا خاوەنی هەشت هەزار مووشەک بێت. هەروەها کار لەسەر دروستکردنی سیستەمی هەڵدانی مووشەک و چەکی ئەتۆمی دەکات، ئەمەش ناچاری کردووە هێرشی پێشوەختە لەدژی بکەین.
سوپای ئیسرائیل “ساڵانێکە خۆی بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنە ئامادە دەکات، ئێمەش بەپێی پلانێکی ڕێکخراو و نەرم و نیان و گونجاو کاردەکەین”.