ئاسمانی بەسرە بەڕوی فڕۆكەوانیدا كرایەوە

بەهۆی داخرانی فڕۆکەخانەکانی دیکە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەسرە بووەتە تاکە دەروازەی ئاسمانیی کراوەی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەمەش قەرەباڵخی و قەیرانێکی بێوێنەی لێکەوتووەتەوە کە بووەتە هۆی گیرخواردنی هەزاران گەشتیار و دروستبوونی بازاڕێکی رەش بۆ فرۆشتنی تکتی فڕۆکە.

گوشاری سەر فڕۆکەخانەی بەسرە گەیشتووەتە ئاستێک کە تکتی فڕۆکە بە ئاسانی دەستناکەوێت. هەرچەندە نووسینگە فەرمییەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراق جەخت لەوە دەکەنەوە کە نرخی تکت گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتووە، بەڵام لە بازاڕی رەشدا تکتەکان بە نزیکەی 500 دۆلار گرانتر لە نرخی ئاسایی خۆیان دەفرۆشرێن.

سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە، رایگەیاند: “ژمارەی فڕۆکە بەردەستەکان بەشی ئەو هەموو گەشتیارە گیرخواردووە ناکات تاوەکو بتوانرێت هەموویان بگوازرێنەوە. هاوکات، دۆخی ئەمنی و ئەگەری جەنگ لە ناوچەکە وایکردووە هێڵە ئاسمانییەکان بە وریاییەوە مامەڵە بکەن، ئەمەش کێشە و بەربەستی زیاتری بۆ گەشتیاران لە بەسرە دروست کردووە.”

بەپێی زانیارییەکانی فڕۆکەخانەی بەسرە لە رۆژانی ڕابردوودا ژمارەی پێوانەیی لە ئەنجامدانی گەشتی ئاسمانی تۆمار کردووە، بە جۆرێک تەنها لە رۆژی هەینی 21 گەشت ئەنجام دراوە. ئەم گوشارە زۆرە بووەتە هۆی ئەوەی سیستمی کۆمپیوتەریی فڕۆکەخانە “زوو زوو” بوەستێت و بەرگەی گوشارەکە نەگرێت، ئەمەش دۆخەکەی بۆ گەشتیاران و کارمەندانی فڕۆکەخانەکە ئاڵۆزتر کردووە.

دڵخوازەكانتان