ئیسرائیل: بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانمان دوو ساڵ دواخستووە

ئیسرائیل دەڵێت، بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانی بەلایەنی کەمەوە دوو ساڵ دواخستووە. ئەوەش رۆژێک دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دا و گوتی، تاران ئەوپەڕی دوو هەفتەی لەبەردەستە بۆ خۆبەدوورگرتن لە هێرشە ئاسمانییە ئەگەرییەکانی ئەمریکا.

ترەمپ هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکات کە ئایا ئەمریکا بەشداری لە بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بکات یان نا، لە دوایین لێدوانیشیدا ئاماژەی بەوە کرد کە رەنگە پێش ئەو ماوەیەی دایناوە، بڕیارێک بدات.

رۆژی شەممە ئیسرائیل رایگەیاند، هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی هێرشی ئاسمانیی نوێی کردووەتە سەر کۆگاکانی مووشەک و شوێنەکانی هەڵدانی مووشەک لە نێوەڕاستی ئێران، ئەوەش لە کاتێکدایە کە درێژە بە هێرشەکانی دەدات کە دەڵێت، ئامانج لێی رێگریکردنە لە دووژمنەکەی بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی؛ هەوڵێک کە تاران رەتی دەکاتەوە.

جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەڵمانی کە رۆژی شەممە بڵاوکرایەوە، گوتی: “بەپێی ئەو هەڵسەنگاندنەی دەیبیستین، تاوەکو ئێستا توانای ئەوانمان بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی بەلایەنی کەمەوە بۆ دوو یان سێ ساڵ دواخستووە.”

جەدعون ساعر گوتیشی، هێرشە یەک هەفتەییەکەی ئیسرائیل بەردەوام دەبێت و رایگەیاند: “هەرچی لە تواناماندا بێت، ئەنجامی دەدەین بۆ ئەوەی ئەو هەڕەشەیە نەهێڵین.”

رۆژی هەینی، گەورە دیپلۆماتانی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە جنێڤ لەگەڵ عەباس عێراقچی، هاوتا ئێرانییەکەیان کۆبوونەوە و داوایان لێکرد دەست بە گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا بکاتەوە. 

دڵخوازەكانتان